پیاوێک لە هەولێر, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوەنی ژن و سێ منداڵە، به‌ڵام وازیان لێ ده‌هێنێت و هاوسەرگیری لەگەڵ پورزایه‌كی ژنەکەی دەکات کە هاوتەمەنی کچەکەی خۆیەتی.
ژن و منداڵەکانی ئەو پیاوە ئێسته بە تەنیا دەژین و كابرایش له‌گه‌ڵ تازه بووك له ژیانی نوێدایه. بەپێی گوته‌ی ژن و کچەکەی بێت، لەوکاتەوه‌ی هاوسەرگیری کردووە بۆ یەک جاریش سەردانی نەکردوون و لێی نەپرسیونه‌ته‌وه.
"جەیلان" ژنێكی /40 ساڵ/ و کارمەندی یەکێک لە فەرمانگەكانی حکوومه‌ت لە هەولێر، خاوەنی سێ منداڵە و كه دوانیان خوێندکاری زانکۆن، دوای ئەوەی پێوەندیە شەش مانگیەکەی "بابه‌كر"ی هاوسەری لەگەڵ کچی پورەکەیدا ئاشکرا دەبێت و بە چاوەکانی خۆی پێکەوە دەیانبینێت، بە ناچاری لەبەر منداڵەکانی ڕازی دەبێت بەوەی بابەکر هاوسەرگیری بکات.
جەیلان له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا باسی ژیانی خۆی و منداڵەکانی و هاوسەرەکەی بۆ "وشە" دەکات و ئاماژه به‌وه ده‌دات كه "مێردەکەم هەڕەشەی بە گیانی منداڵەکان و براکانم لێ کردم و دەشمزانی لەدەستی دێت، بۆیە بە ناچاری سەرم شۆڕ کرد و ڕازی بووم ژن بێنێ".
لە باسی پێوەندی بابەکر و کچی پورەکەیدا، كه جه‌یلان كه ئێسته له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی به‌بێ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ژین، ورده‌كاریییه‌كه‌ی خسته ڕوو به‌وه‌ی ئاگاداری ئەو پێوندیە نەبووه، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "لەوکاتەی کچی پورم کە تەمەنی 22 ساڵە هاوسەرگیری کردبوو کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبوو، دایکی داوای لە من و بابەکر کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەین، بەڵام بابەکر ناپاکی لەو متمانە کرد و لەگەڵ (سولین) ڕێکەوتبوون، بێ ئەوەی هەست بەهیچ بکەم، هەموو شتێکیان ڕێکخست و سۆلین له‌و بۆشاییه‌وه گرنگیدانه‌كه‌ی بابه‌كری بۆ گرنگ بوو، بۆیه لە هاوسەرەکەی جیابووەوە، منیش کە وه‌ك دایکی خۆی خه‌مباری سۆلین بووم و نه‌زانانه بۆی دەگریام، نەمزانی پلانی داناوە ژیانی من تێک بدات".
سولین لە هاوسەری یەکەمی جیا دەبێتەوە و پێوەندی لەگەڵ بابه‌كر کە 20 ساڵ لەخۆی گەورەترە و خاوەنی سێ منداڵە و هاوسەری کچی پوریه‌تی، دادەنێت. سەرەتادا جەیلان بە پێوەندیەکە نازانێت، بەڵام کچ و کوڕەکەی هەرزوو دایکیان ئاگادار دەکەنەوە لەوەی ئەو دووانە نهێنییان هه‌یه، بەڵام دایکیان بڕوا ناکات و ئێسته‌یش مایه‌ی سه‌رسوڕمانه بۆی.
(گەڵا) کچی گەورەی جەیلان و بابه‌كر، له‌باره‌ی ئەو کێشەیه‌ی ناو خێزانه‌كه‌یان بۆ "وشە" نكوڵی له‌وه ناكات كه ئه‌و هەر سەرەتا هەستی کردووه به پێوه‌ندییه‌كه. به‌گوته‌ی خۆی "ئەوکاتەی سولین کێشەی لەگەڵ مێردەکەی هەبوو، زوو زوو دەهات بە چەند ڕۆژ لە ماڵی ئێمە دەمایەوە و نەدەخەوت هەر خەرکی نامە ناردن بوو، له‌وه‌وه گومانم هەبوو خه‌ریكی شتێكی نهێنییه، شەوێک دره‌نگان خەبەرم بووەوە بینیم لە بەردەم ژورەکەم لەگەڵ باوکم باوەشیان لە یەکتری دابوو، به‌ڵام لە ترسی باوکم نەموێرا هیچ بڵێم".
گه‌ڵا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه چەند جارێكی تر لەگەڵ براکەی، باوکی و سولینیان لە چەندان حاڵەتی وادا /باوه‌ش/ بینیوه، بەڵام وه‌ك خۆی ددانی پێدا ده‌نێ "دایکم هەر بێدەنگی کردین و لە ترسی زۆرداری باوكم نەماندەوێرا ڕووبەڕووی بینەوە".
کچ و کوڕەکەی جەیلان دوای ئەوەی ده‌گه‌ن به یەقین كه باوکیان پێوەندی لەگەڵ سولین هەیە، چەندان جار لە كاتێكدا ئه‌مان له‌ماڵ نه‌بوون سۆلینی بردووه‌ته‌وه ماڵه‌وه یان باخه‌كه‌یان "مەزرەعە"، بۆیە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن تا دایكیان دڵنیا بكه‌ن له‌و پێوه‌ندییه و بابه‌ته‌كه قۆناغی ترس تێده‌په‌ڕێنێ و رۆژێك به‌سه‌ریاندا ده‌ده‌ن و پێكه‌وه ده‌یانگرن به ئاماده‌بوونی دایكیان.
گەڵا باسی ئەو کاتە دەکات کە دایکی بەهەموو شتێکی زانیووە و وا ده‌یگێڕێته‌وه كه "رۆژێك من و براکەم زانیمان باوکم و سولین دەچنە باخ، بۆیە بە دایکم گوت دەبێت بێیت و بە چاوی خۆت راستییه‌كه ببینی، ئەوەی ئێمە لێی دڵنیابووین هەموو ڕووی دا و له‌كاتی كه‌یفخۆشی خۆیاندا چووین به‌سه‌ریاندا، به‌ڵام کە ئێمەیان دی گوتیان خۆشه‌ویستی یه‌كین و باوکم كه‌وته هه‌ڕه‌شه و گوتی دەیهێنم و ئێوەش ناتوانن یەک قسە بکەن، دەنا بەقوربانی گولەیەکتان دەکەم".
دوایی ئاشکرابوونی هەموو شتێک بابەکر هاوسەرگیری لەگەڵ سولین دەکات، بە هەڕەشە جەیلان ناچار دەکات ڕازی ببێت و لە ماڵێکی جیادا دوور لە خێزانی یەکەمی جێگیریان ده‌كات، جەیلان کە هێشتاش بڕوا ناکات بۆچی بەو شێوەیە وەڵامی باشی ئەو هەموو ساڵەی لە هاوسەرەکەی وەرگرتووەته‌وه، ده‌ڵێ، ئیتر خەم لەوە ناخۆم پیاوم لەدەست داوە، چونكه پیاو ئەگەر هیچ بنەمایەکی مرۆڤی نەبوو با وەک ئاژەڵ بژی. به‌ڵام ئه‌وه ناشارێته‌وه كه ترسی ئەو لە تێکچوونی باری دەروونی و کرداری منداڵەکانیەتی و دڵڕاوكه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه رووداوی باوكیان و سۆلین كاردانەوەی خراپی هەبێت بۆ داهاتوویان.
جه‌یلان دوا گوته‌ی به پرسیارێك كۆتایی پێ دێنێت كه هه‌میشه سه‌ری ئاڵۆز كردووه، هه‌رچه‌نده هێشتا خه‌می سۆلین و بابه‌كر به‌ری نه‌داوه، "باوک گەورەترین نموونەیە بۆ منداڵ، نازانم ئەگەر کوڕەکەم هه‌ڵه‌یه‌ك بكات یا کچەکەم بڵێ منیش وەک باوکم دەکەم، دەبێت من چۆن هەڵسوکەوت بکەم؟".
هه‌ولێر / ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان