لە دوو هەفتەی رابردوودا 82 دۆلار لە نرخی زێڕ دابەزیوە

:: PM:02:36:12/10/2016 ‌
ماوەیەكە نرخی زیڕ لە بازاڕەكانی جیهان لە دابەزیندایە و لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ٨٢ دۆلار لە نرخەكەی دابەزیوە. لە ٢٧ی ئەیلوولی رابردوو نرخی زێڕ هەر ئۆنسێكی بە هەزار و ٣٣٧ دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستە بە هەزار و ٢٥٥ دۆلار دەفرۆشرێت و بەو پێیەش لەو ماوەیەدا سەرووی ٦% لە نرخی دابەزیوە.

نرخی ئێستەی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان نزمترین نرخییەتی لەماوەی ١١٠ رۆژی رابردوو كە دواجار لە ٢٣ی حوزەیرانی ئەمساڵ نرخی زێر تا ئەو ئاستە دابەزی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و لە مانگی تەمووزدا گەیشتە هەزار و ٣٧٧ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك كە بەرزترین نرخی بوو لەدوای ئاداری ٢٠١٤ تۆمار كرابوو.

زێڕ بە یەكێك لەو كاڵا گرنگانە هەژمار دەكرێت كە لە كاتی ئاڵۆزبوونی بازاڕدا خەڵك روو لە كڕینی دەكەن و هەر كاتێك بازاڕەكان جموجۆڵی زیاتری ئابوورییان بەخۆیەوە بینی، نرخەكەی دادەبەزێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە سەرمایەداران سەرمایەكانیان بۆ پڕۆژەكان تەرخان دەكەن و زێڕەكانیان دەفرۆشنەوە.

سەرەتای ئەمساڵ زێڕ گەیشتە نزمترین نرخی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو و نرخەكەی تا هەزار و ٤٧ دۆلار نزم بووەوە، بەڵام دواتر دەستی بە بەرزبوونەوە كرد. 

بەرزترین نرخی زێڕ لەو كاتەوە كە چووەتە ناو بۆڕسەی جیهانی بۆ شەشی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە كە نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ بۆ هەزار و ٩٢٠ دۆلار بەرزبووەوە.

نزمترین نرخی زێڕ بۆ ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ دەگەڕێتەوە كە هەر ئۆنسێكی زێڕ بە ٢٥٢ دۆلار دەفرۆشرا. پێویستە بگوترێت یەكەم رۆژی تۆماركردنی بۆڕسەی زێڕ لە جیهاندا ١٩ی ئابی ١٩٩٧ بوو.

هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و بەو پێیە كیلۆیەك زێڕ سەرووی ٣٢ ئۆنسە و ئەگەر كەسێك لە ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ ویستبای كیلۆیەك زیڕ بكڕێت ئەوا دەیكردە هەشت هەزار و ٦٤ دۆلار.

ئەگەر ئەمڕۆ بتەوێت كیلۆیەك زێڕ بكڕی دەبێت سەرووی چل هەزار دۆلار بدەی، كە پارەكەی لە ساڵی ١٩٩٩ پێنج كیلۆ زێڕی پێدەهات. بە واتایەكی تر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩ كیلۆیەك زێڕی كڕیوە ئێستە پێنج هێندەی پارەكەی قازانج دەكات.

كیلۆ زێڕەكە لە شەشی ئەیلوولی ٢٠١١ دەیكردە ٦١ هەزار و ٤٤٠ دۆلار و ئەو كەسەی لە ساڵی ١٩٩٩ كیلۆیەك زیڕی كڕیوە و لە ٢٠١١ فرۆشتوویەتەوە ئەوا نزیكەی هەشت هێندەی پارەكەی قازانجی كردووە.

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لە ماوەی سێ رۆژدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی مانگێكدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی شەش مانگدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی یەك ساڵدا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا

گۆڕانكارییەكانی نرخی زێڕ لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا

وشە/ dailyfx_سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان