یەكەمین هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنرا

:: PM:04:13:19/06/2018 ‌
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكەمین هاوپەیمانی لەلایەن چەند حزبێكی هەرێمی كوردستانەوە پێكهێنرا و لیستەكەیش بەناوی " هاوپەیمانی سەردەم" دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، عەبدوڵای حاجی محموود ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاوپەیمانییەتیەك لەنێوان سێ‌ لایەنی سیاسیی لە كوردستان پێكهێنراوە بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

زیاتر گوتی، هاوپەیمانیەتییەكە لەنێوان حزبی سۆسیالیست و پارتی كرێكاران و ڕەنجدەران و یەكێتی نەتەوەیی كوردستانەوە و لەناو لیستی سەردەمە.

ئەو حزبانە كە هاوپەیمانییەتیان پێكهێناوە خاوەنی تەنیا یەك كورسی پەرلەمانن كە ئەویش هی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانەوە و كورسییەكی تریش لیستی ئاراستەی سێیەمە كە باپیر كامەلا سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هاوپەیمانی ڕابردووی لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وەری گرتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە سبەی دوایین وادەیە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و تا ئێستەیش تەنیا ئەو هاوپەیمانییەتیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 30ی ئەیلوول بەرێوە بچێت ئەنجام دراوە.

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم