هاوپەیمانی عەبادی وادەی دیداری فرەوانی براوەكانی هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

:: PM:05:49:19/06/2018 ‌

هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی بەڕێوەچوونی ئەو كۆبوونەوە فرەوانەی ئاشكرا كرد كە پێنجشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگەشەی بۆ كرد و رای گەیاند كە دیدارەكە 10 لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان دەگرێتەوە.

حوسێن عادلی، گەتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی نەسر ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هەموو هێزە سیاسییەكان پێشوازیان لە بانگهێشتنەكەی سەرۆك وەزیرانی كردووە بۆ سازكردنی دیدارێكی فرەوانی نیشتیمانی و روونی كردەوە كە چاوەڕوان دەكرێت دیدارەكە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێتە سازكردن و ئامادەسازی گەورەیش بۆ ئەو بابەتە هەیە.

زیاتر گوتی، مەبەست لە سازكردنی دیدارەكە رێككەوتننە لەسەر هێڵە گشتییەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوەكانیەتی بۆ قۆناغی داهاتوو و ئاماژەی كرد كە لەو دیدارەدا نزیكەی 10 لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان ئامادە دەبن و ئەوان باسی پرسی تانەكان ناكەن بەو پێیەی پرسێكی دادوەرییە و یەكلاكردنەوەی كاری دادوەرییە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی لیستی نەسڕ براوەی سێیەمی هەڵبژاردنی عێراق لە 14ی ئەم مانگە داوای دیدارێكی فرەوانی سەرانی بارستە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردنەكانی كرد لە دوای جەژنی رەمەزان بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان پێشوازیان لە بانگهێشتنەكەی كرد.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل