دوای ئەوەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو ژماریەك چەكداری حەشدی شەعبی بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان لەسەر سنوورەكانی عێراق و سووریا كوژران، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بە سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی راگەیاند كە ئەوان لەو رووداوە بەرپرس نین.
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی جێگری سەركۆماری عێراق، دۆگڵاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە دیدارێكی لەگەڵ ئوسامە نوجێفی جێگری سەركۆماری عێراق رای گەیاندووە كە هێزی ئاسمانی ئەمەریكا بەرپرس نییە لەو هێرشەی كراوەتە سەر چەند گرووپێكی چەكداری عێراق لە سووریا و دووپاتی كردەوە كە هیچ جموجۆڵێكی ئاسمانی ئەمەریكا لە ناوچەكە نییە.
شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو 52 چەكداری سووریایی و عێراقی لە هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكان لە رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر سنوورەكان لەگەڵ عێراق كوژران، واتە لەو ناوچانەی سوپای سووریا و داعش شەڕ دەكەن.
دوێنێ سەركردایەتی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە فڕۆكەیەكی جەنگی ئەمەریكا بارەگایەكی جێگیری هێزەكانی حەشدی شەعبی لە لیواكانی 45 و 46ی بەرگریكار لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا بە دوو مووشەك بۆردومان كردووە و لەئەنجامدا 22 چەكداریان كوژراون و 12ی تریش بریندار بوون.
لەو كاتەی ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە كە ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت، ئەگەری زۆر هەیە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشەكەیان ئەنجام دابێت بەتایبەتی كاتێك باسی ئەوە دەكرێت بەشێك لە كوژراوەكان سەربازی ئێران و لایەنگرانی ئەوانن بە جلی سوپای سووریاوە دەجەنگن، جگە لەوەی یەكشەمی رابردوو بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە پێویستە ئێران لە تەواوی خاكی سووریا پاشەكشە بكات، ئەگینا رێوشوێنی لەدژی بوونە سەربازییەكەی وەردەگرین.