وێنە.. ئەم ڕێیە ئاستەنگی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە

:: PM:06:38:19/06/2018 ‌
بەهۆی تەواو نەبوون و بەردەوامی كاركردن لەرێیەكی سەرەكی سنووری شارۆكەی پێنجوێن كە هاوكات رێی سەرەكی شارۆكەكە و ناوچەكانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیران بەنیشە ئاستەنگی زۆری هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان دروست بووە.

كاوە مستەفا، یەكێك لە شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخە و بۆ "وشە" گوتی، چەند رۆژێكە كاركردن لە رێیەكی سەرەكی شارۆكەی پێنجوێن لە نزیك گوندی كانی مانگ كە رێیەكی ستراتیژی و سەرەكیشە دەستی پێ كردووە و بەو هۆیەشەوە ئاستەنگی زۆری دروست كردووە.

زیاتر گوتی، رۆژانە بەسەتان تەنكەر و ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورەی بارهەڵگر و گەشتیاری دێنە سنوورەكە و خراپی ئەو ڕێیە بووەتە هۆی ئەوەی كە چەندان سەعات دووربكەوینەوە تا بارێك لەسلێمانیەوە و بەو رێیە سەرەكییە دەگەیەنینە سنووری مەرزی باشماخ.

هاوكات زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە كاركردن لە رێی سەرەكی پێنجوێن كە دەكەوێتە سەر پردی گوندی كانی مانگی خوار شارۆكەكەمان دەستی پێ كردووە. دووپاتیشی كردەوە كە بەهۆی بارانی ئەمساڵەوە زیانێكی زۆر بەر زۆربەی رێیەكانی ئەو سنوورە كەوتووە و كێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

ڕوونیشی كردەوە كە پردی كانی مانگ كاری تێدا دەكرێت و قەڕەباڵغییەكی زۆر دروست بووە، چونكە رۆژانە شۆفێرێكی زۆر لەسنووری پارێزگای سلێمانیەوە دێنە پێنجوێن و لەوێشەوە دەچنە هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیران بەن، بۆیە داوامان كردووە بەزوویی كارەكان تەواو بكرێت.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 98 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ شارەكانی رۆژهەڵات و بەهۆی هەبوونی ژمارەیەك مەرزیشەوە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی ئێرانی و هەرێم و شۆفێران هاتوچۆی پێدا دەكەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی





















وشە - سه‌رخێڵ هاشم