رۆژنامەی "واشنتن تایمز"ی ئەمەریكایی ئاشكرای دەكات كە سەرەڕای باسكردنی بوونی هاوبەشییەكی ستراتیژی لە نێوان ئەمەریكا و هاوپەیمانیەتی ناتۆ بۆ راهێنان و راوێژكاری بۆ هێزەكانی عێراق بۆ نەگەڕانەوەی داعش بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" پلانەكانی تایبەتی خۆی لە عێراق سڕ دەكات.
وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن كە ئێستا ئەو پلانە درێژخایەنەی ئەمەریكا بەهاوشێوەی ئەفغانستان بۆ عێراقی دانابوو، سڕ كراوە، سەرەڕای پابەندییەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی لە عێراق.
بەپێی رۆژنامەكە سەرچاوەكانی پنتاگۆن ئاماژەیان كردووە كە جیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بەنیاز بووە پلانێك بۆ فرەوانكردنی جموجۆڵە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە عێراق پێشكەیش بكات بە هاوشێوەی ئەفغانستان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق و نەبوونی متمانە بەدۆخی تەناهی و سیاسی لە عێراق بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەكان وای لە پنتاگۆن كرد كە سستی لە جێبەجێكردنی پلانەكانی بكات و چاوەڕوانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بكات.
رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمەریكا كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو پاڵپشتی لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرد، بۆ ئەو بردنەوەی سائیروونی سەر بە موقتەدا سەدر بە پلەی یەكەم و هاوپەیمانی فەتح بە پلەی دووەم كتوپڕ بوو و بردنەوەی سەدر بێزاری لای واشنتن و پایەتەختەكانی رۆژئاوا دروست كردووە.