پۆلیسێك خۆی كوشت

:: PM:07:13:19/06/2018 ‌
نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، لە شارەزوور گەنجێك كە فیشەك بەر سەری كەوتبوو لە رێی بەرەو سلێمانی‌ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

ئیوارەی ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، لە ڕاگەیەنراوێكدا نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ رای گەیاند گەنجێكی تەمەن 29 ساڵ گەیانراوەتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە كە فیشەك بەر سەری كەوتبوو، دوای ئەنجامدانی كاری پێویست بۆی لەلایەن پزیشك و كارمەندەكانی نەخۆشخانەكە بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بۆ سلێمانی ڕەوانە كراوە، بەڵام لە رێگادا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كەسوكاری گەنجەكە ڕایان گەیاندووە كە ئەو گەنجە فیشەكی ناوە بەخۆیەوە و ناوی محەمەد سلێمان ئەمین بووە و ماڵیان لە گەڕەكی سیروانیەكانە لە هەڵەبجەی تازە. بەگوتەی كەسوكارەكەی ئەو گەنجە پۆلیسە و باری دەروونی تەواو نییە و فیشەكی ناوە بەخۆیەوە.

ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان رێژەی كوشتن و خۆكوشتن ڕووی لە زیادبوون كردووە و ئەوەیش بەبڕوای توێژەرانی كۆمەڵایەتی چەند هۆكارێكی هەیە كە كێشەی كۆمەڵایەتی و تەنگژەی دارایی لە سەرووی هەموویانەوەیە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم