تاڵەبانی هەواڵی بڕیاری گرتنی لەلایەن دادگای دەستپاكییەوە ڕەت دەكاتەوە
دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەندێك سایتی عەرەبی، تاڵەبانی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە و ڕای گەیاند، ئەوەی بڵاو كراوەتەوە هەوڵێكی شكستخواردووە.
ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، هەندێك سایتی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكەوە لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركووك هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكییەوە تۆمەتبار كراوە بە خەرج كردنی بڕی 76 ملیۆن دینار بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی و لە دەرەوەی رێنوێینی یاساییدا.
لە بەرانبەر بڵاو كردنەوە ئەو هەواڵەدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە كە كەناڵێكی ئاسمانی بڵاوی كردووەتەوە لە بارەی دەركردنی بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی لە لایەن دادگای دەستپاكی كەركووكەوە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەوەی بڵاو كراوەتەوە هەوڵێكی شكستخواردووە بە ئامانجی فشار خستنە سەر رای گشتی و دادگای عێراقی بۆ ورووژاندنی كێشە و بەدیهێنانی ئامانجی تایبەتی دژی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك.
ئەوە لە كاتێكدایە كە چەند هەفتەیەك لە مەوبەر لە دادگایەكی كەركووك بڕیاری گرتن بۆ رێبوار تاڵەبانی دەركرا، بەڵام دوای تانە لێدان لە بڕیارەكەدادگا ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم