شارەزایەك: ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق هەیە

:: PM:09:31:19/06/2018 ‌

شارەزایەكی سەربازی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق هەیە، چونكە ئەگەرچی پێكهێنانی حكوومەتێكی عێراقی دوور لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا  ئەگەرێكی دوورە، بەڵام ئەگەر رووی دا ئەوە كارتی داعش تا ئێستا كارایە و دەتوانرێت بۆ پاڵەپەستۆكردن بەكار بهێنرێت.

عیماد عەلەو شارەزای سەربازی و جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری كۆماری بۆ توێژینەوەی ستراتیژیی تەناهی لەو بارەوە بۆ "سپۆتنیك" دەڵێت، بێگومان ئێستا جموجۆڵی داعش لەناو عێراق و لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ سووریا هەیە كە كاریگەری بۆ سەر پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ئەو وڵاتە هەیە، لەسەر هاوپەیمانیەتە سیاسییەكانی كە پێوەستن بە ئەجیندای دەرەكی پاڵەپەستۆ بۆ سەر هێزە سیاسییەكانەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر بمانەوێت رووداوەكان بەیەكەوە گرێ بدەین لەوەی لە سنوورەكانی عێراق و سووریا بۆردومان هەیە و ئەو رووداوە سیاسانەیشی لەناو عێراق روو دەدەن، بێگومان پێوەندییەكی روون و ناراستەوخۆ هەیە لە نێوان زیادبوونی پاڵەپەستۆ بۆ سەر هێزە سیاسییەكان بەمەبەستی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەتایبەتی لەدوای زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش.

ئەو شارەزایە سەربازییە دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەیش حەشدی شەعبی هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە لە چوارچێوەی كێبەركێی بوون لەگەڵ رووسیا لە سووریادا، بۆیە بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك سنوورەكانی سووریا هەڕەشەیە بۆ ئەمەریكا، جیا لەوەیش كارتی داعش تەنیا لەلایەن ئەمەریكاییەكانەوە بەكار نایەت، بەڵكو لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان، چونكە داعش بریتییە لە گرووپێكی بەكرێگیراو كە پلانی وڵاتانی ناوەچەكە جێبەجێ دەكات.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل