مۆندیالی 2018ی رووسیا.. ئەمڕۆ پورتوگال و ئیسپانیا یارییان هەیە

:: AM:09:30:20/06/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەردەوامیان دەبێت و تێیدا هەردوو هەڵبژاردەی پورتوگال و ئیسپانیا یاریی دەكەن.

لە یاریی یەكەمدا لە كۆمەڵەی دووەم سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان هەڵبژاردەی پورتوگال رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەغریب دەبێتەوە.

هەڵبژاردەی پورتوگال بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەكۆكردنەوەی خاڵێك دوای یەكسانبوونیان بە ئەنجامی 3-3 گۆڵ لە یاریی رابردوودا لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەی دووەم دێن.

هەڵبژاردەی مەغریبیش لە یاریی رابردوودا لە كاتی زیادكراو و لە خولەكی 94 بەگۆڵێكی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران دۆڕا بوو، بەمەش بەبێ خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی كۆمەڵەی دووەم دێت.

یاریی دووەمی ئەمڕۆ چوارشەمی مۆندیال سەعات 6ی سەر لە ئێوارە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرگوای و سعوودیە بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەكەی یەكەم لە یاریی یەكەمیدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی میسڕی بردبووەوە و ئێستا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی كۆمەڵەكەیدایە.

هەڵبژاردەی سعوودییەش لە یاریی یەكەمیدا تووشی گەورەترین شكستی مۆندیال ببووەوە و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا دۆڕا بوو.

شەوی رابردوو یاریی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكان دەستی پێ كردبوو كە تێیدا لە كۆمەڵەی یەكەم هەڵبژاردەی رووسیای مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی میسڕی بردبووەوە و بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كردبوو، هەڵبژاردەی میسڕیش بەبێ خاڵ ماڵئاوایی لە ركابەرییەكانی مۆندیال مسۆگەر كرد.

یاریی سێیەم لە كۆمەڵەی دووەم دەبێت و سەعات 9ی شەو هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و ئیسپانیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
هەڵبژاردەی ئێران لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەكەیەتی بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ و هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بە خاڵێك بەهاوبەشی لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە ریزبەندی دووەمدایە.

دوێنێ سێشەم 3 یاریی لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەڕێوە چوون و ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

كۆڵۆمبیا 1-2 ژاپۆن

پۆڵەندا 1-2 سەنیگال

رووسیا 3-1 میسڕ




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م