ئەرجەنتینییەكان جەنگ دژی میسی رادەگەیەنن

:: AM:10:41:20/06/2018 ‌

هاووڵاتیانی ئەرجەنتین بڕیاریان دا شۆڕش دژی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان لیۆنێل میسی رابگەیەنن بەهۆی لەدەستدانی هەلی سەركەوتن لە یاریی یەكەمیاندا لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی یەكەمی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بێنێ و بە گۆڵێك لەگەڵی یەكسان بوو، ئەمە لە كاتیكدابوو كە میسی هەلێكی گەورەی سەركەوتنی هەڵبژاردەكەی لەدەست دا دوای ئەوەی لە لێدانێكی سزادا سەركەوتوو نەبوو.

میسی بەهۆی لەدەستدانی لێدانە سزاكە و پێشكەشكردنی ئاستێكی خراپ لە یارییەكەدا لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ببووە جێگەی گاڵتەجاڕی هاووڵاتیان و هەودارانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە.

رۆژنامەی (كۆریرۆ دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: هاووڵاتیانی ئەرجەنتین داوایان سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەكەیان كردووە لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر كڕواتیا یاریی بە میسی نەكات و لە شوێنی ئەو یاریی بە پاولۆ دیبالای هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بكات.

هاووڵاتیانی ئەرجەنتین بڕیاریانداوە چیتر بە خراپی ئاستی میسی لە ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان بە پێچەوانەی ئاستی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بێ دەنگ نەبن و جەنگ دژی رابگەیەنن بۆ ئەوەی بەیەكجاری لە هەڵبژاردەكە دووری بخەنەوە.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2018ی رووسیا لە كۆمەڵەی چوارەم یاریی دەكات كە هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئایسلەندا و كڕواتیا و نێجیریا لەخۆ دەگرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م