راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ: بەهۆی 15 خولەك بەرامبەر رووسیا دۆڕاین

:: PM:12:08:20/06/2018 ‌

هیكتۆر كۆپەری ئەرجەنتینی و راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ رەتی كردەوە شكستی هەڵبژاردەكەی لە دووەم یاریی مۆندیالی 2018 بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیای مێواندار بخاتە ئەستۆی یاریزانانی تیپەكەی.

هەڵبژاردەی میسڕ لە یاریی یەكەمیدا بە گۆڵێكێ بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرگوای دۆڕا بوو، لە یاریی دووەمیشدا درەنگانی شەوی رابردوو بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی رووسیا دۆڕا.

كۆپەر لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا ریگەیاند كە یاریزانانی تیپەكەی هەموو توانایەكیان خستەگەڕ، بەڵام رووبەڕووی چەندان كێشە بوونەوە و هزریان لەسەر یارییەكە نەما و بەهۆی 15 خولەكی خراپەوە لە گێمی دووەم یارییەكەمان دۆڕاند.

ئاماژەی بەوەشدا كە هەلی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی دووەمی مۆندیال لاوازە، بەڵام هێشتا یارییەكیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودییە ماوە ئەنجامی بدەن.

لەبارەی ئاستی محەمەد سەڵاح كە تاكە گۆڵی هەڵبژاردەی میسڕی بە رێگەی لێدانی سزا تۆمار كرد، راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ جەختی كردەوە كە لە رووی پێكانەكەیەوە هیچ كێشەیەكی نەبوو، بەڵام رەنگە لە رووی توانای جەستییەوە بەتەواوی بۆ یاریكردن ئامادە نەبووبێت.

لە كۆتاییدا كۆپەر ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لە یاریی داهاتوویاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیە ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەن و هەڵەكان دووبارە نەكەنەوە.

جێی باسە بەهۆی ئەم دوو شكستەوە هەلی سەركەوتنی هەڵبژاردەی میسر بۆ قۆناغی دووەمی مۆندیال زۆر لاواز بووە، هەڵبژاردەی رووسیاش بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ لە دوو بردنەوەدا سەركەوتنی مسۆگەر كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م