مامۆستایانی سلێمانی: مووچه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر دابین نه‌كه‌ن ناچینه‌وه‌ قوتابخانه‌كان

:: PM:05:02:04/12/2016 ‌

دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی ئاڕاستەی ھەموو بەرێوه‌بەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان کرد کە ھەر مامۆستایەک لەمەودوا دەوام نەکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر و بە نەھاتوو(غیاب) ھەژمار بکرێت، یەکێتی ماموستایانی کوردستان ھەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە رادەگەینێت وباس لەوە دەکات، پشتگیری لەدەستپێکردنەوەی دەوام دەکەین، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەو پارەیه‌ی بۆ ھاندانی مامۆستایانی تەرخان کردووە، لەو ناوچانەی دەوام دەکرێت خەرجی بکات، بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی تریش دەوام دەست پێ بکرێتەوە و متمانە لە نێوان مامۆستایان و حکوومەت بگەرێتەوە.

ئەحمەد گەرمیانی جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند: وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە کە رێکاری یاسایی لە بەرامیەر ئەو مامۆستایانە دەگرێتە بەر کە دەوام ناکەن، بەڵام ئێمە پێمان باشە تا بکرێت بە گفتوگۆ و دانیشتن ئەو کێشەیە لەگەڵ مامۆستایان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری خۆی داوە و ئیشوکاری خۆی دەکات.

زیاتر گوتی: ئەمە کاری رۆتینی وەزارەتی پەروەردەیە و ئیشی ئێمە نییە پشتگیری بکەین یاخود نا، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەوامی مامۆستایان دەست پێ بکاتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەو برە پارەی وەک ھاندان تەرخانی کردووە لە ھەولێر و دھۆک دابەش بکات، بۆ ئەوەی وەک ھاندانێک بێت و متمانە دروست بێت و لە سنووری سلێمانیش دەوام دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە حکوومەت کردووە، لە چەند رۆژی داھاتوو ئەو پارەیە دابەش بکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین فشار لەسەر مامۆستایان دورست بکرێت، بەڵام بەرای من گەر پارەکە دابەش بکرێت دەوامیش دەست پێ دەکاتەوە.

جێگری سەرۆکی یەکێتی ماموستایانی کوردستان ھێمای بۆ ئەوەش کرد، تا ئێسته‌ دەوام لە سنووری سلێمانی دەستی پێ نەکردۆتەوە، بەڵام زۆرێک لە قوتابخانەکان دەرگه‌ی قوتابخانەکانیان کردووه‌تەوە و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایان کراوە و ژمارەیەک لە مامۆستایان ئامادەیی دەوامکردنیان دەربڕیووە، بۆیە ھیوادارین دست پێ بکاتەوە.

گەرمیانی ئەوەشی گوت: کۆمەڵێک خەڵک  و مامۆستا ھەیە، فشار لەسەر مامۆستایان دروست دەکەن کە دەوام نەکەن، ئەوەیش لە رێگەی فەیسبووک و ناردنی نامە، بۆیە ئەمەش وای کردووە، مامۆستایان دەست بە دەوام نەکەنەوە و کاریگەری خۆی ھەبووە.

به‌هۆی بایكۆتكردنی مامۆستایانه‌وه‌، له‌ ده‌ڤه‌ره‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان تا ئێسته‌ پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌ستی پێ نه‌كردووه‌، داواكارىیان چاككردنى مووچه‌كانیانه‌، له‌گه‌ڵ پێدانى پاره‌ى مانگانه‌ له‌ كاتى خۆیدا، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بڕیارى خه‌رجكردنى شه‌ش ملیار دینارى بۆ مامۆستایان دا كه‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بۆیان خه‌رج بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى و چه‌ند بازرگان و سه‌رمایه‌دارێكیش له‌ ڕێگه‌ى ژوورى بازرگانیى سلێمانى، بڕیارى هاوكاریان داوه‌، به‌ڵام مامۆستایان سه‌رجه‌مى ئه‌وانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم


وشە - كوردۆ شابان