سەعاتەكانی پێدانی كارەبا كەم دەبێتەوە

:: PM:01:21:20/06/2018 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات پێدانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەری لە وەرزی گەرما كەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، حەمەئەمین هەورامی ڕاوێژكاری وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێدانی كارەبا لە وەرزی هاوین كەم دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی زۆری خواست لەسەر كارەبا لە هەرێمی كوردستان و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش وایە.

ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی كارەبا گوتی، ئێستە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هەزار و 700 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت و لە كۆی گشتی عێراق كە 17 هەزار مێگاوات كارەبایە، بەڵام بەهۆی زۆری خواست لەسەر كارەبا بەش ناكات بەشی زۆری ئەو كارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت ئێستە لە وێستگە غازییەكانە.

هەورامی ئاشكرای دەكات كە ئێستە پێدانی سەعاتەكانی كارەبا لە نێوان 13 بۆ 14 سەعاتێكە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەری ئەو بڕە كەم دەبێتەوە.

هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە وێستگەی كەورگۆسك و چەمچەماڵ دەبەستێت لەگەڵ هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان، بەڵام ساڵانە لە وەرزی هاوین پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان كەم دەبێتەوە.



وشە - رامیار جەواد