حكوومەتی هەرێم هەلی كار ڕادەگەیەنێت

:: PM:02:31:20/06/2018 ‌
دەزگای گشتیی كاروباری مین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان 15 هەلی كار لە سنووری گەرمیان رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ 20ی حوزەیران، لە ئاگادارییەكی دەزگای گشتیی كاروباری مین هاتووە پێویستیان بە دامەزراندنی 15 كەسە بەشێوەی گرێبەست و داویشی كردووە ئەو كەسانەی دەیانەوێ‌ دابمەزرێن تا رۆژی 25/6/2018 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین/ گەرمیان لە كەلار بكەن.

دەزگای گشتیی كاروباری مین مەرجەكانیشی بۆ دامەزراندنی ئەو كەسانە بڵاو كردووەتەوە كە پێویستە داواكار دانیشتووی گەرمیان بێت و نابێ داواكار لە هیچ دامەزراوەیەكی حكوومەت دامەزرابێ و مووچەی هەبێ.

لە بەشێكی تری ئاگادارییەكەدا ئەو كارانەیش دیاری كراوە كە كەسەكانی بۆ دادەمەزرینرێن و بریتین لە یەك شۆفێری شۆفڵ، مۆڵەتی هاتوچۆی گشتی هەبێت و یەك فیتەری ئامێرە میكانیكییەكان و یەك پەرستار و حەوت مینلابەر، تەمەنیان لە 30 ساڵ تێنەپەڕی بێ و دوو رووپێوی كێڵگەی مین.

هاوكات یەك بەرپرسی هۆبەی كۆگای تەقەمەنی و یەك نووسەر، دەرچووی كۆلیژی یاسا بێت و یەك كارمەندی هۆشیاركردنەوە لەناو دامەزراوەكاندا دادەنرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەندان ساڵە دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان وەستاوە و تەنیا بەشێوەی گرێبەست لەچەند فەرمانگەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەندێك جار ڕادەگەیەنرێت.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم