كاریگەری هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتی دراو

:: PM:02:40:12/10/2016 ‌
كەمتر لە مانگیكی ماوە بۆ ئەوەی یەكلایی بكرێتەوە لە نێوان دۆناڵد ترامپ و هیلاری كلینتندا كامیان سەرۆكایەتی گەورەترین ئابووری جیهان بەدەستەوە دەگرن.

بەدەر لەوەی كامیەك لەو دوو پاڵێوراوانە سەركەوتن بەدەست دەهێنن، ئەو هەڵبژاردنە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هەڵكشان و داكشانی بازاڕی دراوی نێودەوڵەتی.

هیلاری كلینتن، پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ زۆربەی بازرگانەكانی ئەمەریكا وەك كەنارێكی ئارام هەژمار دەكرێت، لەبەرئەوەی باوەڕی بە بەشداری چالاكانە هەیە لە ئابووری نێودەوڵەتی و لەلایەن بانكە گەورەكانی ڤۆڵ ستریت، وەك گۆڵدمەن سیكس، سیتی بانك و جی پی مۆرگا پاڵپشتی دەكرێت.

لایەنگرانی كلینتن پێیان وایە ئەگەر سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئارامییەكی زیاتر بۆ ئەمەریكا دەگەڕێتەوە و بەها و دۆلار لەسەر ئاستی جیهاندا بەهێزتر دەبێت.

لە هەمان كاتدا ركابەرەكەی كلینتن، دۆناڵد ترامپ بازرگانێكی بەهێز و سەركەوتووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هیلاری ئەزموونێكی ئەوتۆی لە سیاسەتدا نییە.

ترامپ زیاتر پاڵپشتی لە بەهێزبوونی سەربازی ئەمەریكا دەكات، هاوكات دەیەوێت سیستەمی تەندرووستی و خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی بە تەواوەتی بگۆڕێت، كە ئەوەیش هێندەی تر قورسایی دەخاتە سەر شانی هاووڵاتیانی ئەمەریكا.

لایەنگرانی ترامپ تاكە خاڵێكی پاڵێوراوەكەیان كە شانازی پێوە دەكەن، كارنامە ئابوورییەكەیەتی، بەڵام ركابەرەكانی دەڵێن دیار نییە دوای ئەوەی دەسەڵاتی ئەمەریكا بدرێتە دەست ترامپ، وڵاتەكەی بە چ شێوەیەكی لێدێت.



ترامپ زیاتر پشتگیری لە "دوور كەوتنەوەی ئەمەریكا لە بازرگانی جیهانی" دەكات و پێی باشە وەبەرهێنانی ناوخۆیی پەرە پێ بدات. لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا رەخنەی توندی لە پەرەسەندنی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی ئەمەریكا گرت لەناو مەكزیكدا.

* بازرگانەكان بەشوێن كەنارێكی ئارامدا دەگەڕێن

نەبوونی تەناهی سیاسیی هەمیشە بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دراو، بۆ نمونە كاتی ریفراندۆمی بریتانیا بۆ هاتنە دەرەوە لە یەكێتی ئەورووپا، هەفتەیەك بەر لە ریفراندۆمەكە بەهای پاوەن تووشی سەرگەردانی هات و دوای یەكلایی بوونەوەی ریفراندۆمەكە، بەهۆی نادیاری چارەنووسی بریتانیا، پارەی ئەو وڵاتە لە بازاڕی دراودا دابەزی و تا ئێستەیش نەگەڕاوەتەوە پێگەی جاران.

بازرگانان جیا لەوەی دۆخی ئابووری وڵاتان رەچاو دەكەن، لە هەمانكاتدا وەبەرهێنان لەو وڵاتانەدا دەكەن كە لەڕووی تەناهییەوە ئاستێكی بەرزییان هەبێت.

بەهۆی ركابەری هەڵبژاردنەكان، زۆربەی بازرگانەكان رایان گەیاندووە، بۆ ماوەیەك خۆ لە قەرەی بازاڕەكانی ئەمەریكا نادەن و تا ئەو كاتەی دڵنیا نەبن لە گەڕانەوەی جێگیربوونی دۆخی سیاسیی، پارەكانیان رەوانەی ئەو بازاڕانە دەكەن كە مەترسی كەمتریان لەسەرە.

هەمیشە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا بەهای دۆلار تا ئاستێكی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام ئەزموونەكان دەری دەخەن، دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكان كۆتاییان پێ دێت و حكوومەتی نوێ جێگیر دەبێت، متمانە بۆ بازاڕەكانی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە و بەهای دۆلاریش بەرز دەبێتەوە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2012 كاتێك ئۆباما بۆ دووەمجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پاڵاوتەوە، بەهای دۆلار دابەزی، بەڵام دوای جێگیربوونی حكوومەت، بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی جیهاندا باڵانسی خۆی بەدەست هێنایەوە.

* رۆژانی پێش هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا رۆژی 8ی تشرینی دووهەم/نۆڤەمبەر بەڕێوە دەچێت و لەمەودوا چەندان راپرسی لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی بزاندرێت شانسی كامیان بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆكایەتی زیاترە. بڵاوبوونەوەی ئەنجامی ئەو راپرسیانە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هەڵكشان و داكشانی بەهای دۆلاری ئەمەریكی لە بازاڕی دراوی نێودەوڵەتیدا.

هەندێك لە چالاكانی بازاڕی نێودەوڵەتی دراو لە سەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا، مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمەریكی وەك كارێكی مەترسیداروەسف دەكەن. هەڵكشان و دابەزینی بەهای دۆلار لە هەفتەكانی بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكایش تەنیا لە بازاڕی دراودا رەنگدانەوەی نابێت.

هەناردە و هاوردەكردنی ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانە كە بە دۆلار مامەڵە دەكەن، هاوكات ئەو كۆمپانیایانەی كاڵای جۆراوجۆر رەوانەی ئەمەریكا دەكەن، لەو سەروبەندەدا تووشی سەرلێشێواوی دەبن، واتا ئابوری جیهانی بۆ ماوەیەك دەكەونە ژێر سێبەری هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا.

وشە/بی بی سی- و. هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان