دوای ئەو رووبەڕووبوونەوە چەكدارییەی نێوان هێزە تەناهییەكانی عێراق و چەكدارانی حزبوڵای عێراقی لە بەغدای پایەتەخت كە تیایدا برینداری لەهەردوولا لێ كەوتەوە، هێزە تەناهییەكانی عێراق گەمارۆی ئەو بارەگایەی حزبوڵایان دا كە چەكدارەكان تیایدا خۆیان حەشار دابوو و چەكدارەكان خۆیان رادەست كرد.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم لە شەقامی فەلەستینی رۆژهەڵاتی شاری بەغدا ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی میلیشیای چەكداری حزبوڵای عێراقی نزیك لە ئێران لە خاڵێكی پشكنینی پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی عێراق نەوەستان و تەقەكردن لە نێوانیان دروست بوو و بەو هۆیەوە دوو پۆلیس و چەكدارێكی میلیشیاكە بریندار بوو.
دوای پەرەسەندنی رووداوەكە و بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق هاتووەتە ناوەندگیری نێوان هێزە تەناهییەكانی عێراق كە گەمارۆی ئەو بارەگایەی حزبوڵایان داوە كە چەكدارانی هێزە گەڕۆكەكەیان خۆیان تیایدا حەشار داوە و بریتی بوون لە پێنج پیكەبی جۆری نیسان ناڤارا.
بەپێی سەرچاوەكان هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڕەشەیان لە چەكدارانی حزبوڵای عێراقی كردووە كە ئەگەر ئەو چەكدارانەیان رادەست نەكەن ئەوە هێز بەكار دێنن بۆ گرتنیان، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان هێزە تەناهییەكان ئەو چەكدارانەی كە تەقەیان كردووە لەلایەن حزبوڵاوە رادەستیان كراوە ئەوانیش گەماری سەر بارەگاكەیان لابردووە و گیراوەكان دراونەتە دەست فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا.