بەرێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:08:39:20/06/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی گشتیی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی كەیسێكی توندوتیژی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، كەیسی ژنێك بەناوی "پاكیزە حمە ئەمین" سەرجەم ڕێوشوێنەكانی بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام ئێستە ئەو ژنە هەڕەشەی خۆكوشتن دەكات.

لە روونكردنەوەیەوەكدا بەرێوەبەرایەتی گشتیی توندوتیژی دژی ژنان ڕای گەیاندووە كە ڕۆژی 11ی حوزەیران، كەیسی ژنێك بەناوی  پاكیزە حمە ئەمین دانیشتووی شاری سلێمانی، گەیەنراوەتە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەولێر و سەرەتا لەبەر خراپی باری تەندروستی گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا و دوای تەواوكردنی هەموو چارەسەریەكان، دۆسیەیەكی تایبەتی بۆ كرایەوە و  دۆسیەكەی خرایە بەردەمی دادوەر كە دوای لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بەپێی مادەی حەوتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، بڕیاردرا بە گرتنی هاوسەری و خوشكێكی و دوو برای.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، دادوەر بریاردرا دۆسیەكە بنێردرێتەوە بۆ سلێمانی و بەپێی توانا توانرا هاوكاریەكی مادیشی بۆ دابین بكرێت، بەڵام دوای ئەم هەموو رێكار و هەوڵە، ئەو ژنە لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە جگە لەوەی هەڕەشەی خۆكوشتن دەكات، تەواوی ئەو هەوڵ و رێكارە یاسایی و مرۆڤانە بە كەمبایەخ لەقەڵەم دەدات.

بەرێوەبەرایەتییەكە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەرك و بەرپرسیارێتی یاساییانە و مرۆڤانەی خۆیان بۆ هاوكاری ژنەكە بەزیادەوە جێبەجێ كردووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم