بەرپرسێكی ئەزموونەكانی پۆلە كۆتاكان ئاشكرای دەكات، كارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەكان بەردەوامە و بۆ كۆتاهێنان بە ئەنجامەكان بەڵام تا ئێستە كاتی ئاشكراكردنی دیار نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، كەریم لەتیف بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەكان بەردەوامە و هەوڵ دەدەین كۆتای پێ بێنین.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، كارەكانی تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان %50 بۆ %55 تەواو بووە، پرۆسەكە دیار نییە كەی كۆتای پێ دێت و سەرجەم ئەو كاتانەی بڵاو دەكرێنەوە كە ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێت دوورن لە ڕاستی.
كەریم ئاشكرای دەكات لەكاتی نزیكبوونەوەی كارەكان بەكۆتا بێت، ئەوا بە دڵنیایییەوە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتا ڕادەگەیەنرێت بۆ قوتابییان.
لە كۆتای مانگی ئایار و تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاقیكردنەوە پۆلە كۆتاكان بە بەشداری هەزاران قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، هەروەها وەزارەتی پەروەدە چەند جارێك لەسەر پرسیار و ڕاستكردنەوەكان ڕوونكردنەوەی بڵاو كردەوە و چەند پرسیارێكی بە پێدانی نمرەی تەواو بۆ قوتابییان دیاری كرد بەهۆی هەڵەی سەرپەرشتیارانی دانانی پرسیارەكان.