ئەوروپا بە سەپاندنی باج رووبەڕووی ئەمەریكا دەبێتەوە

:: AM:09:50:21/06/2018 ‌

كۆمسیۆنی ئەوروپا بڵاوی كردەوە لە وەڵامی بڕیاری ئەمەریكا لەبارەی سەپاندنی باجی ئەلەمنیۆم و پۆڵای ئەوروپا دەست بە سەپاندنی باجی نوێ بۆ سەر بەرهەمەكانی ئەمەریكا دەكات و بەرێژەی 25% باجیان بەسەردا دەسەپێنێت.

ئەو بڕیارەی ئەوروپا هێمای رووبەڕووبوونەوەی ئەوروپایە بەرانبەر بە ئەمەریكا كە لەوانەیە جەنگێكی بازرگانی لێ بكەوێتەوە. بە تایبەت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیار بدات باج بەسەر ئۆتۆمبێلی بەرهەمی ئەوروپادا بسەپێنێت.

كۆمسیۆنی ئەوروپا بە پەسندكردنی ئەم یاسایە باج بەسەر قەبارەی سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ئەمەریكادا دەسەپێنێت كە پۆڵا، ئەلەمنیۆم، بەرهەمی كشتوكاڵی وەك گەنمەشامی، بادەم، ویسكی، جلوبەرگی كابۆیی و ماتۆڕسكلت دەگرێتەوە.

سیلیسیا مالمستۆم بەرپرسی كاروباری بازرگانی یەكێتی ئەوروپا گوتی، "ئێمە ئەم دۆخە ناخوازین، بڕیاری یەكلایەنەی ئەمەریكا هیچ بژاردەیەكی تری لە بەردەم ئەوروپادا نەهێشتووەتەوە."

ئەو پێی وایە بڕیارەكەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانییە و ئەگەر ئەمەریكا لای خۆی باجی هاوردە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا ئەوانیش ئەو باجانە هەڵدەوەشێننەوە.

قەبارەی ئەو پۆڵا و ئەلەمنیۆمەی ئەوروپا كە باجەكانی ئەمەریكا دەیانگرێتەوە، دەگاتە شەش ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆ.

پێویستە بگوترێت حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ باجی 25%ی خستە سەر پۆڵای هاوردەكراو لە ئەوروپا و كەنەدا و مەكسیك و 10%یشی بەسەر ئەلەمنیۆمی ئەو وڵاتانەدا سەپاند.

حكوومەتی کەنەداش بڵاوی كردەوە لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە باج بەسەر 12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار كاڵای ئەمەریكیدا دەسەپێنێت كە هاوردەی كەنەدا دەكرێن. مەكسیكیش دوو هەفتەیە دەستی بە سەپاندنی باج بەسەر كۆمەڵێك بەرهەمی ئەمەریكی لەوانەش پۆڵا، بەراز و ویسكی كردووە.

بەشێك لەو كاڵا ئەمەریكییانەی كراونەتە ئامانج لەو ویلایەتانە بەرهەم دەهێنرێن كە كۆماریخوازەكان تیایدا باڵادەستن. بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی قۆناغی دووەمی كۆنگرێس بەڕێوە بچێت و كۆماریخوازان دەیانەوێت پێگەی زۆرینەی خۆیان بپارێزن.

سەرچاوە/رادیۆفەردا




وشە - سلێمان تاشان