مۆندیال.. ئەمڕۆ فڕەنسا و ئەرجەنتین بۆ سەركەوتن دەجەنگن

:: AM:10:09:21/06/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا سێ یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت و تێیدا هەڵبژاردەكانی فڕەنسا و ئەرجەنتین بۆ سەركەوتن دەجەنگن تا سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو بەدەست بێنن.

سەرەتا سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان یاریی یەكەمی كۆمەڵەی سێیەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی دانیماڕك و ئوستڕالیا بەڕێوە دەچێت، یارییەكە لەنێو یاریگەی كۆسمۆس لە شاری سامارای رووسیا ئەنجام دەدرێ.

هەڵبژاردەی دانیماڕك كە لە یاریی رابردوویدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی پیڕۆ بەدەستهێنابوو، لە یارییەكەی ئەمڕۆشیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوستڕلیا هەوڵی سەركەوتن دەدات بۆ ئەوەی بەفەرمی سەركەوتن بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال بەدەست بێنێ.

لەبەرامبەریشدا هەڵبژاردەی ئوستڕلیا كە لە یاریی رابردوودا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی فڕەنسا دۆڕا بوو، ئەویش بەهەمانشێوە هەوڵی سەركەوتن دەدات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو ركابەرییەكانی گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی مۆندیال.

یاریی دووەم سەعات 6ی سەر لە ئێوارە هەر لە كۆمەڵەی سێیەم دەبێت لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی فڕەنسا و پیرۆ لەنێو یاریگەی ئیكاتێرنبۆڕگ لە باكوری رۆژهەڵاتی رووسیا.

هەموو پێشبینییەكان وای بۆ دەچن هەڵبژاردەی فڕەنسا لە یارییەكەی ئەمڕۆشدا شكست بە هەڵبژاردەی پیڕۆ بێنێ و بەفەرمی و بەكۆكردنەوەی 6 خاڵ سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال بەدەست بێنێ.

بێگومان هەڵبژاردەی پیڕۆش دەستەوەسان نابێت و بڕیاریانداوە هەر لەسەرتاوە بە هێرشبردن دەست پێ بكەن تا گۆڵی سەركەوتن تۆمار بكەن و تاڕادەیەك بێنەوە نێو ركابەرییەكان گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بەتایبەت كە یاریی داهاتوویان تاڕادەیەك ئاسان دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوستڕالیا.

یاریی سێیەم كە یاریی لووتكەی ئەمڕۆ پێنجشەمی مۆندیالە، لە كۆمەڵەی چوارەمدا سەعات 9ی شەو هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و كڕواتیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەسەركردایەتی لیۆنێل میسی هەوڵی سەركەوتن دەدات بۆ ئەوەی قەرەبووی یەكسانبوونی یاریی رابردوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا بكاتەوە و قۆناغێك بۆ گەشتن بە قۆناغی 16ی مۆندیال نزیك ببێتەوە.

خۆرخێ سامپاولی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بڕیاریداوە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا چەند گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی تیپەكەیدا بكات دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا هەندێ لە یاریزانەكان خراپترین ئاستیان پێشكەش كرد لەوانەش ئەنخێل دی ماریا و لوکاس بێلیا.

هەڵبژاردەی كڕواتیاش كە ئێستا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی چوارەم دێت دوای بردنەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی نێجیریا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام، بەدڵنیاییەوە لە یارییەكەی ئەمڕۆشدا هەوڵی بردنەوە دەدات تا سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال مسۆگەر بكات.

جێی باسە دوێنێ چوارشەمیش هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا 3 یاری تر بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

پورتوگال 1-0 مەغریب

ئۆرگوای 1-0 سعوودیە

ئێران 0-1 ئوستڕالیا



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م