ڕۆژنامەیەكی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكی ئەمڕۆ پێنجشەمی ئاشكرای كرد، لە داهاتوویەكی نزیك موقتەدا سەدر دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی تری شیعە دەچنە ناو گفتوگۆی وردەوە و پەیماننامەی شەرەف واژوو دەكەن و ڕای دەگەیەنن.
ڕۆژنامەی "
العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، لە داهاتوویەكی زۆر نزیك موقتەدا سەدر جارێكی تر لە نەجەفەوە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی شیعە كۆ دەبێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەیمانی شەرەف كە بڕیارە لە نێوان لایەنەكانی شیعە واژوو بكرێ، دواتریش عامری و سەدر بەرنامەی حكوومەتی نوێی عێراق دادەڕێژن.
سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد، سەردانەكەی سەدر جیا لەو مەبەستانەی باس كران، تێیدا بڕیاری ڕاگەیاندنی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان دەدرێ.
محەمەد مەشهەدانی ئەندامی هاوپەیمانی هێزەكانی عێراق ڕای گەیاند، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش بە گونجاوی لەگەڵ ئیرادەی سیاسی عێراق دەدرێ و پێچەوانەی هەنگاوەكان نابێ، دوای بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، دۆخەكە بۆ لایەنەكان بە تەواوی ڕوون دەبێتەوە، ئەوكات دانوستاندنەكان بە چڕی دەست پێ دەكەن.
بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامەكە، موقتەدا سەدر لە سەردانی ئەمجارەی بۆ بەغدا، تا هەموو دۆسیەكانی هاوپەیمانی بەستن و گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و بەرنامه و حكوومەتی نوێ یەكلا نەكاتەوە، بۆ نەجەف ناگەڕێتەوە و لە بەغدا دەمێنێتەوە.