وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی مەرجەكانی ئەمەریكا دەداتەوە

:: AM:10:52:21/06/2018 ‌

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی 12 مەرجەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە كە دژی ئێران خرابوونە ڕوو. محەمەد جەواد زەریف لە وەڵامی ئەم مەرجانەدا كۆمەڵێك داواكاری و مەرجی خستووەتە بەردەم ئەمەریكا.

ئەو نووسیویەتی ئەمەریكا لە كاتێكدا بۆ ئێران مەرج دیاری دەكات كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر لە هەر كاتێكی تر لەبارەی ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستانێك لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكا بەگومانە.

زەریف دەڵێت "رێككەوتنی ناوكیی بەرهەمی سەدان سەعات دانوستانی دوو لایەنە و فرەلایەنە بووە كە باڵاترین بەرپرسانی ئەمەریكا تیایدا بەشدار بوون و لە رێی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەمەریكاش تییادا ئەندامە پەسند كراوە، دواتر بووە بە پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای مادەی 25 ی جاڕنامەی گەردوونی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام لە لایەن ئەمەریكاوە پێشێل كراوە و هیچ دەرفەتی بۆ دووبارە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا نەهێشتووەتەوە.

بە گوێرەی "فارسنیوز" ئەو داوای لە ئەمەریكا كردووە ددان بە هەڵەكانی رابردوویدا بنێت و قەرەبووی زیانەكانی كشانەوە لە رێككەوتنەكە بكاتەوە و رێز لە سەربەخۆیی و سەروەریی ئێران بگرێت. هاوكات داوای كردووە كۆتا بە سیاسەتی داگیركارانەی ئابووری دژی خەڵكی ئێران بهێنێت و چیتر پشتیوانی لە ئیسرائیل نەكات و لەسەر ئەو بەڵێنانەش سوور بێت كە خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی دەیاندات.

زەریف لە كاتێكدا رەخنەی لە مایك پۆمپیۆ گرتووە كە پۆمپیۆ گوتبووی مەبەستی ئەمەریكا لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا گۆڕینی حكوومەت نییە، بەڵكو مەبەستیەتی گۆڕانكاری بە شێوەی سیاسەتی ئێران بهێنرێت.





وشە - سلێمان تاشان