سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای یارییەكەی شەوی رابردوویان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا، وەڵامێكی توندی دییگۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی دایەوە.
ماڕادۆنا پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە بەبۆچوونی ئەو ئاستی یاریكردنی دییگۆ گودینی بەرگریكار و كاپتنی هەڵبژاردەی ئۆرگوای زۆر لە رامۆس باشترە.
لەبەرامبەردا رامۆس بۆ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: بە بۆچوونی منیش ئاستی پێشووی ماڕادۆنا بە جیاوازی چەندان ساڵی تیشیكی لە ئاستی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی بەرشەلۆنە دوورترە.
رامۆس راشیگەیاند كە لە مێژووی تۆپی پێی ئەرجەنتین یاریزانێك هاوشێوەی میسی نەبووە و ئەو باشترین یاریزانی وڵاتەكەیەتی.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەگوێرە چاودێر و شارەزایانی وەرزشی هەردوو ئەستێرە پێڵی بەڕازیلی و ماڕادۆنای ئەرجەنتین بە باشترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ ریزبەندی كراون.
كاپتنەكەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆشحاڵی خۆشی بەسەركەوتن بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران دەربڕی و جەختیشی كردەوە كە ئامانجیان ئەوەیە بە پلەی یەكەمی كۆمەڵەكەیان سەركەون بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال.
جێی باسە ئێستا هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و پورتوگال بەكۆكردنەوەی 4 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی دووەمی مۆندیالی 2018ی رووسیا دێن.