ریال مەدرید بەنیازە یاریزانێكی بەرشەلۆنە بكڕێتەوە

:: PM:12:49:21/06/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد، یانەی ریال مەدرید بەنیازە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانێكی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری بدات.

رۆژنامەی (ماركا) بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید بەنیازە بۆ شوێنی ماتیۆ كۆڤاسیچ كە بڕیاریداوە لەم هاوینەدا یانەكە جێبێڵێ، گرێبەست لەگەڵ تیاگۆ ئەلكانتارای یاریزانی پێشووی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە و ئێستای یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بكات.

ئەمەش لەسەر داوای جولیان لۆپیتیگی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید بووە كە بە ئاستی یاریكردنی ئەلكانتارا سەرسام بووە كاتێك راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بایرن میونشن ماوەی چەند مانگێكە بیر لە فرۆشتنی ئەلكانتارا دەكاتەوە و لەبەرامبەریشدا داوای 70 ملیۆن یۆرۆ دەكات.

كۆڤاسیچ وەرزی رابردووش داوای رۆیشتنی لە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید كردبوو دوای ئەوەی چەندان دەستەوارەی لەلایەن یانە گەورەكانی ئەوروپاوە پێگەیشتبوو بەهۆی كەمی پێدانی هەلی یاریكردن، بەڵام بەرپرسانی یانەكە داواكەیان رەت كردبووەوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پێشتریش لە كاتی رۆیشتنی ئەلكانتارا لە یانەی بەرشەلۆنە نیازی گرێبەستكردنی لەگەڵ هەبوو كە بەهاكەی تەنیا 18 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام بەهۆی ركابەرییەكانی لەگەڵ یانە كەتەلۆنییەكە نەهاتبووە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستەكەوە.

جێی باسە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەلكانتارا و باوكی هەیە كە بەڕێوەبەری كارەكانییەتی و رەنگە ئەمەش كارەكانی گەڕانەوەی بۆ خولی ئیسپانیا ئاسانتر بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م