یاریی كۆتایی مۆندیال لەنێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەڕا دەبێت

:: PM:01:23:21/06/2018 ‌

دێڤید بێكهامی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا پێشبینی كرد یاریی كۆتای مۆندیالی 2018ی رووسیا لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئینگلتەڕا بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا لەم ساڵانەی رابردووی مۆندیالدا ئەنجامێكی شایستەی بەدەست نەهێناوە و تەنانەت لە 2006وە كە ئەو كات بێكهام كاپتنی هەڵبژاردەكە بووە نەگەیشتووەتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، دوایین جاریش كە بووەتە پاڵەوان لە مۆندیالی 1966 بووە كاتێك لە یاریی كۆتاییدا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بردبووەوە.

بێكهام لە ئاهەنگێكدا لە وڵاتی چین رایگەیاند: پێموایە لە مۆندیالی ئەمساڵدا لە یاریی كۆتایی هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و ئەرجەنتین رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

لەبارەی براوەی یارییەكەش، بێكهام رایگەیاند كە بێگومان گرەو لەسەر سەركەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئینگلتەڕا دەكات.

بێكهام كە پێشتر بەشداری لە 3 مۆندیال كردبوو ئاماژەی بەوەدا كە بێگومان گەیشتنی هەردوو هەڵبژاردەكە بۆ یاریی كۆتایی ئاسان نییە و دڵخۆشی خۆشی بەسەركەوتنی هەڵبژاردەكەی لە یەكەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی توونس بە ئەنجامی 1=2 گۆڵ دەربڕی.

بێكهام دانی بەوەشدانا كە هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا هەڵبژاردەیەكی لاو و بێ ئەزموونه، بەڵام یاری دوای یاری ئاستی یاریكردنی بەرز دەبێتەوە و سەركەوتنی زیاتر بەدەست دێنێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م