بەهۆی تەقینەوەی بوتڵە غازێك كەسێك گیانی لە دەست دا

:: PM:01:28:21/06/2018 ‌
بەهۆی تەقینی بوتڵە غازێك لەكاتی غاز تێكردن، هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا  و کەسێکی تر بریندار بوو.  تەرمەکە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كرا و بریندارەكەش ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاو كردووەتەوە، لە شارۆكەی سەیدسادق لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵی غاز هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا و كەسێكیش بریندار بوو.

لە ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس هاتووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس تەرمی هاووڵاتییەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كرا و بریندارەكەش ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، هەروەها بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس لە ئەنجامی تێكردنەوەی غاز و تەقینەوەی بوتڵەكە هاووڵاتی ( ن ، ك ، م ) لەدایكبووی 1988 گیانی لە دەست دا و كەسێكیش بریندار بووە.

لە كۆتای ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیس هاتووە، ئێستە لە لایەن بنكەی پۆلیسی حەسارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

تێكردنەوەی بوتڵی غازی بچووك لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان شتێكی باوە ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی لە گەشت و سەیرانگەكان كە شوێنێكی زۆر ناگرێت و گواستنەوەشی ئاسانە.



وشە - رامیار جەواد