دهۆك مریشكی زۆرە و بازاڕی ساغكردنەوەی نییە.. بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار مریشك هەناردە دەكرێت

:: PM:03:38:21/06/2018 ‌
خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر لە سنووری پارێزگای دهۆك ساڵانە بە بڕی 25 ملیۆن دولار مریشك ڕەوانەی عێراق دەكەن، بەڵام بەهۆی بوونی گومرگ و نەبوونی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی مریشك لە هەرێمی كوردستان كاریگەری خراپی لەسەر پڕۆژەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر دروست كردووە.

فەیسەڵ سەلیم خاوەن پڕۆژەیەكی پەلەوەری لە سنووری شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی بازاڕ و بوونی گومرگ لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كاریگەری خراپ لەسەر بەرهەمی بەخێوكردنی پەلەوەر دروست بووە و چەندان جار بەو هۆیەوە زیانی مادی زۆر بەر خاوەنی كێڵگەكانی پەلەوەر كەوتووە.

لای خۆیەوە سەباح باپیری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 250 پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بازاڕ بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكان زیاتر 90% بەرهەمەكانی پەلەوەر ڕەوانەی پارێزگاكانی عێراق و دەرەوەی پارێزگای دهۆك دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە هاوكاری لایەنی پێوەندیدار كار لەسەر ئەوە دەكەن بازاڕێك لەناوخۆی پارێزگای دهۆك بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكانی پەلەوەری دهۆك دابین بكەین، چونكە بەهۆی نەبوونی شوێنی تایبەت بە فرۆشتن و سەربڕخانەی تایبەت مریشكی دهۆك ڕەوانەی دەرەوەی دهۆك دەكرێت.

ڕوونی كردەوە كە گرنگە بازاڕێك بۆ فرۆشتنی مریشكی زیندوو لە دهۆك دابین بكرێت و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیاری لایەنی پێوەندیدار بەڕێوە بچێت.

هاوكات عەبدوڕەزاق ئیمینكی بەرپرسی بەشی تەندروستی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی ڤیتەرنەری گشتی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ڕەوشی فرۆشتنی بەرهەمەكانی پەلەوەر لە پارێزگای دهۆك خراپە. ئەوەیشی خستە ڕوو كە پڕۆژەكانی پەلەوەر لە پارێزگای دهۆك ساڵانە بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار مریشكی زیندوو ڕەوانەی شارەكانی عێراق دەكرێن.

زیاتر گوتی، تێكرای بەخێوكردنی مریشك لە سنووری پارێزگای دهۆك نزیكەی دوو ملیۆن و 680 هەزار مریشكە و ئەو كێڵگانە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی لایەنی پێوەندیدار كار دەكەن.

جێی ئاماژەیە كە بەشی زۆری پڕۆژەكانی بەخێوكردنی مریشك لە سنووری پارێزگای دهۆك دەكەونە سنووری شارۆكەی ئامێدی و زاخۆ و ئاكرێ.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم