لە هەولێر حەوت دووكانی گۆشت فرۆشتن داخران
لیژنەكانی چاودێری بازاڕ لەشاری هەولێر كە قایمقامییەت سەر پەرشتی دەكات ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی حوزەیران حەوت دووكانی گۆشت فرۆشیان داخست كە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكان كاری سەربڕینی ئاژەڵ و فرۆشتنیان دەكرد.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێری بازار بەدواداچوون بۆ 22 شوێنی گۆشت فرۆشی ئەنجام درا.
ڕوونیشی كردەوە كە بەدواداچوونەوەكان لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان بووە و مەبەستیش لە سەردانەكان دڵنیابوون بوو لە هەبوونی ڕێنوێنیەكان مۆڵەت و كارتی تەندروستی وچاودێری كردنی نرخ.
قایمقامی هەولێر باسی لەوەیشكرد كە ئەو شوێنانەی پابەندی ڕێنوێنییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و چاودێری بازرگانی نەبوون حەوت شوێن بوون و داخراون و رێوشوێنی یاسایان بەرانبەر دەكرێ.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش قایمقامییەتی هەولێر هۆشداری لەبارەی كڕینی جۆرێك لە گۆشت دابوو لە بازاڕەكانی شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی بەشێوەی نهێنی ئەو گۆشتە هاوردە دەكرێت.
وشە -
سهرخێڵ هاشم