لە پێنجوێن هاووڵاتییان لە مەترسی ئاگر ئاگادار دەكرێنەوە

:: PM:10:25:22/06/2018 ‌
ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆرەوە، پوش و پاوانێكی زۆر لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەری هەیە، ئەوەیش مەترسی زیادبوونی حاڵەت و رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەی زیاتر كردووە، هاوكات  پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناوچەكە، هۆشداری دەدات و داوای هاوكاری لە هاووڵاتییان دەكات.

رائید ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ،  بارانێكی زۆر لە سنوورەكەماندا باریوە، بۆیە مەترسییەكانی ئاگركەوتنەوە زیاتر بووە.

زیاتر گوتی، نووسراوێكمان ئاراستەی قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن كردووە و تیایدا هەموو وردەكارییەكانمان روونكردۆتەوە، لەسەر بابەتی ئاگر، لەبەرئەوەی دەزانین ئەمساڵ پوش و پاوانێكی زۆر لەناوچەكە هەیە و داوایشمان لە هاووڵاتییان كردووە ئاگاداری كەوتنەوە ئاگر بن.

هاوكات بەپێی ئامارێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" لە ماوەی ساڵی رابردوودا، 10 حاڵەتی ئاگر كەوتنەوە روویانداوە و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوی لەپوش و پاوان و دارستان سووتاوە.

شارۆكەی پێنجوێن، یەكێكە لەناوچە كوێستانییەكانی هەرێمی كوردستان و نزیكەی 100 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و رووبەڕێكی بەفراوانی داستان و سەوزایی هەیە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم