"هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌ل به‌شێوه‌ى ترانزێت له‌ مه‌رزى باشماخ كه‌میكردووه‌"

:: PM:11:23:22/06/2018 ‌
داخستنى مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانى سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن له‌لایه‌ن به‌رپرسانى باڵاى ئێرانیه‌وه‌ كاریگه‌رى كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌ل و شمه‌ك به‌شێوه‌ى ترانزێت له‌ مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ.

له‌وباره‌یه‌وه‌، شاخه‌وان به‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا، "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆی داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كانی سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه‌، كه‌ پێشتر له‌و مه‌رزانه‌وه‌ كه‌لوپه‌ل و شمه‌ك هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرا، به‌ڵام ئێسته‌ هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل به‌شێوه‌ی ترانزێت له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تى باشماخ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌میكردووه‌".

ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و بارانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌ى ئۆتۆمبێڵى ترانزێتى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێسته‌ كه‌میكردووه‌، به‌ڵام باره‌كانى ترى ترانزێت وه‌ك بارى ئۆتۆمبێڵ و ئه‌و شه‌حنانه‌ى كه‌ ئوتومبێڵیان پێیه‌ وه‌ك خۆیه‌تى و گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆیان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

هاوكات به‌پێى ئامارێكى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، كه‌ وێنه‌یه‌كى دراوه‌ته‌ "وشه‌" له‌ ساڵى 2017دا، 321 هه‌زار و 855 ئۆتۆمبێڵى بارهه‌ڵگر كه‌ له‌ نێویدا ئه‌و بارانه‌شى تێدابووه‌، كه‌ به‌شێوه‌ى ترانزێت بوون و له‌ كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان كراون، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ كه‌متر له‌ 250 هه‌زار بارهه‌ڵگر به‌ترانزێتیشه‌وه‌ كه‌میكردووه‌.

مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، یه‌كێكه‌ له‌مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و نزیكه‌ى شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه‌ دووره‌ و ڕۆژانه‌ كاروبارى بارزگانى و هاتوچۆى گه‌شتیارانى لێوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. 

پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى


وشە - محەمەد میران