شەقامەكانی هەولێر بەبێ‌ ئەندازە و هێڵكاری هاتوچۆن

:: AM:07:55:23/06/2018 ‌
بەشێك لە شۆفێرانی شاری هەولێر لە بەرانبەر نەبوونی هێڵكاری و ئەندازەی هاتوچۆ، نیگەرانی دەردەبڕن و ڕای دەگەیەنن، زۆربەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و ئەو شێوازە خراپەی شۆفێری كە لە هەولێر هەیە، پێوەندی بە نەبوونی هێڵكاری شەقامەكان و نەبوونی ئەندازەی هاتوچۆوە هەیە.

لە هەولێر چەندان ڕێی سەرەكی هەن، بەڵام ئێستە ئەو شەقامانە بەبێ‌ هێڵكاری و ئەندازەی هاتوچۆ ماونەتەوە، ئەوە لە كاتێكدا لە بەشێكی زۆر لە شەقامە سەرەكییەكاندا هێڵی سپی بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان نییە، بۆیە بە پێویست دەزانرێت جارێكی تر پێداچوونەوە بە هێڵكاری و ئەندازەی هاتوچۆی شەقامەكانی هەولێردا بكرێت.
كەنعان وەلی شۆفێری تاكسییە لە هەولێر، بۆ "وشە" باس لەوە دەكات كە بەشێكی زۆر لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێر بەبێ‌ هێڵكاری سپی و ئەندازەی هاتوچۆ ماونەتەوە.
ئەو شۆفێرە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕۆژانە چەندان شەقامی هەولێر دەبینێت و بەگوتەی خۆی "هەموو شەقامەكان ئێستە پێویستیان بە هێڵی سپی هەیە بۆ ئەوەی شۆفێر بە ئاسانی پێیدا بڕۆن و ئەوكاتیش  كێشەی هاتوچۆ ڕوو نادات".
شۆفێری تاكسییەكە دەڵێ "لە هەولێر بەهۆی نەبوونی هێڵكاری شەقامەكان جۆرێك لە پەڕینەوەی ئۆتۆمبێل باوە كە ئەوە لە هیچ شوێنێك نییە، بەتایبەت كە پەڕینەوەی ئۆتۆمبێل لەمبەری شەقامەكەوە بۆ ئەوبەری شەقام كە هەموو ئەوانە بەهۆی نەبوونی هێڵكارییەكی گونجاوەوەیە.
نەریمان عەلی شۆفێرێكی ترە لە هەولێر و ئەمیش نیگەرانە لە نەبوونی هێڵكاری بەشێكی زۆر لە شەقامەكان و پێی وایە كە ناكرێت لە پایتەختی كوردستان شەقامەكان بەمشێوەیە بن و فەرامۆش بكرێن.
ئەو شۆفێرە باس لەوە دەكات كە هاتوچۆ ئەگەر بۆ بەرژەوەندی شۆفێرانیش نەبێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێویستە هێڵكارییەكان بكەن، چونكە لە كاتی هەر ڕووداوێكی هاتوچۆدا بە ئاسانی دەتوانن هێڵكاری بۆ بكەن و شۆفێری سەرپێچیكار بدۆزنەوە.
ئەو شۆفێرە باسی ئەوە دەكات كە لە شەقامی 100 مەتری شارەكەدا تا دەگاتە لای بازاڕی لەنگە، هیچ هێڵكاری و ئەندازەیەكی هاتوچۆی نییە، لە كاتێكدا زۆرترین قەرەباڵغی و  ڕووداوی هاتوچۆ لەو سنوورەدایە.
لە بەرانبەردا دارەوان سوبحی شارەزا لە بواری هاتوچۆ، بۆ "وشە" دەڵێت، هێڵكاری و ئەندازەی هاتوچۆ یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی سیستەمی هاتوچۆ و ڕێكخستنی كاروباری هاتوچۆ و شەقام.
ئەو دەڵێت، "ئەوەی لە هەولێر هەیە جێی ڕەخنەیە بەتایبەت هێڵكاری شەقامەكان لەگەڵ ستاندەری جیهانی یەك ناگرێتەوە". دووپاتی كردەوە كە "لە هەولێر تەنیا شەقامەكان بە هێڵی ڕاستی سپی نەخشێنراون لە كاتێكدایە لە وڵاتانی دنیادا شوێنی پەڕینەوەی هاووڵاتییان و شوێنی وەستان و پەڕینەوەی ئۆتۆمبێلیش دیاری كراوە.
ئەو كە شارەزای سیستەمی هاتوچۆیە رای دەگەیەنێ كە "سەرپێچی یاسایە، ئەگەر شەقامێك ئەندازەی هاتوچۆ و هێڵكاری تێدا نەبێت، ئەوەیش كەمتەرخەمی حكوومەت دەردەخات و وا دەكات شۆفێر بە ئارەزووی خۆی ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت نەك بەپێی نەخشە و هێڵكارییەكی تایبەت".
هەرچەندە لە هاتوچۆی هەولێر بەشێكی تایبەت بە هێڵكاری و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆش هەیە، بەڵام سەرباری نەبوونی هێڵی سپی شەقامەكان، بەشێك لە هێماكانی هاتوچۆ شێوێنراون تا ئێستە چاك نەكراونەتەوە.
بەڵام فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، بەشێكی كەم لە شەقامەكانی هەولێر هێڵكاری سپی بۆ نەكراوە كە ئەویش بەشێكی كەمی شەقامی 100 مەترییە بەهۆی ئەوەی بڕیاری قیرتاوكردنەوەی هەیە، ئەگەرنا تەواوی شوێنەكانی تری هەولێر هێڵكاری بۆ كراوە.
گوتەبێژی هاتوچۆ گوتی، هێڵكاری شەقامەكان كاتێكی دیاریكراوی نییە، بەڵكو بەهۆی ڕەشبوونەوەیەتی و دواتر هێڵەكان تۆخ دەكرێنەوە بەپێی بودجەیەكی دیاریكراو لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر. دووپاتیشی كردەوە "ئێستە ئەندازەی هاتوچۆ سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی هێڵكاری شەقامی 40 مەترین لە هەولێر و شۆفێر پێویستە پێوەی پابەند بن، هەرچەندە بەشێكی زۆر لە شۆفێرەكان پێوەی پابەند نابن".



وشە - سه‌رخێڵ هاشم