نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا

:: AM:09:05:23/06/2018 ‌

دوێنێ هەینی چاوەڕوان دەكرا وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك كۆتا بە سیاسەتی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بهێنن، بەڵام ئەمە بە پێچەوانە دەرچوو و ئەوان بڕیاریان دا تا كۆتای ئەمساڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام ببن، بۆیە نرخی نەوت بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە كرد.

لە كۆبوونەوەكە بڕیاری بەرزكردنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا درا ئەمەش هەمان ئەو بڕە نەوتەیە كە لە بەرهەمهێنانی ئۆپێك لە چەند مانگی رابردوو كەمی هەیە و پێوەندی بە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا هەیە و بە گشتی بەرهەمهێنانی نەوت هەمان ئاستە كە پێشتر ئۆپێك لەسەری رێككەوتبوو.

بەگوێرەی DAILYFX خۆی دوێنێ هەینی دوایین رۆژی هەفتەبازاڕی بۆڕسە بوو و رێك دوای بڕیارەكەی ئۆپێك نرخی نەوت بە خێرایی هەڵكشا لە كاتێكدا ماوەیەك بوو رووی لە دابەزین كردبوو. تەنیا دوێنی هەینی نرخی نەوت لە 73 دۆلار و 30 سەنتەوە گەیشتە 75 دۆلار و 78 سەنت و بە گشتی سەرووی 3% لە نرخی نەوتی برێنت بەرز بووەوە.

ئەم دۆخە بۆ نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI  زۆر باشتر بوو. نەوتی ئەمەریكی كە ماوەیەك بوو بە پێچەوانەی نەوتی برێنت رووی لە هەڵكشان كردبوو، دوێنێ زیاتر هەڵكشا و لە 65 دۆلار و 80 سەنتەوە گەیشتە 69 دۆلار و 27 سەنت. ئەم جۆرە نەوتە لە ماوەی هەفتەكەشدا لە 64 دۆلار و 30 سەنتەوە هەڵكشا بۆ 69 دۆلار و 27 سەنت و سەرووی 7% لە بەهاكەی زیادی كرد.

نەوتی برێنت رێك مانگێك لەمەوبەر تا سەرووی 80 دۆلاریش بەرز بووبووەوە و دوای ئەو سیاسەتەی ئۆپێكیش چاوەڕوان دەكرێ نرخەكەی زیاتر بەرز ببێتەوە.

وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك لە كۆتای ساڵی 2016 بڕیاریان دا بەرهەمهێنانی نەوت تا ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل كەم بكەنەوە، دواتریش دووجار ئەم پلانەیان درێژ كردەوە و ئێستەش بڕیاریان داوە تا كۆتای ساڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بن. پێویستە بگوترێت وڵاتەكان 100% رێككەوتنەكەیان جێبەجێ كردووە و هەر ئەوەش وای كرد نرخی نەوت لە خوارووی 40 دۆلارەوە بەرەو نزیكەی 80 دۆلار هەڵبكشێت.





وشە - سلێمان تاشان