دەوامی فەرمانبەران بۆ پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەك درێژ كرایەوە

:: AM:09:05:23/06/2018 ‌
بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا  بڕیار دراوە كاتی دەوامی فەرمانبەران بكرێتەوە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەك و لە هیچ فەرمانگەیەك دەوام نەوەستێت.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، بەپێی نووسراوێكی فەرمی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین هاتووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر ڕاپەڕاندنی كاروباری هاووڵاتییان دوای باشتربوونی بارودۆخی هاووڵاتییان و مووچەی فەرمانبەران، بڕیار درا بە ئاساییكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران.

لە بەشێكی نووسراوەكە هاتووە، لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم فەرمانە بەڕێوەبەرایەتییەكانی فەرمانگەكانی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین فەرمانبەر بۆی نییە تەنیا چەند ڕۆژێك دەوام بكات لە هەفتەیەك و هیچ فەرمانگەیەكیش نابێت دەوامی تێیدا بوەستێت لە هەفتەدا.

ئەو نووسراوەی ئیدارەی ڕاپەڕین لە كاتێكدایە دوو ساڵ بەر لە ئێستە بەهۆی تەنگژەی دارایی بە بڕیارێكی نافەرمی دەوامی فەرمانبەران كەم كرایەوە لە هەفتەیەك دوو بۆ سێ‌ ڕۆژ دەوام دەكرا.

لە سەرەتای ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكات و زۆرترین ڕێژەی پاشكەوت بریتی بوو لە %30 بۆ لە %10، هەروەها كەمتر لە 300 هەزار دینار هیچ پاشكەوتێكی تێدا ناكرێت.





وشە - رامیار جەواد