پارێزگارە عەرەبەكە.. بەرپرسێكی تری كورد لە كەركووك دوور دەخاتەوە

:: AM:09:35:23/06/2018 ‌
ڕاكان جبووری پارێزگارە عەرەبەكەی كەركووك كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو پۆستەی بە وەكالەت وەرگرتووە، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق كردووە تا بەڕێوەبەری گەنجان و لاوانی كەركووك كە كورد لە كارەكەی دوور بخرێتەوە و كەسێكی تری لە شوێن دابنرێ.

حەربی خالید سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕاكان جبووری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق كردووە، تا ناسیح شوانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەنجان و لاوانی كەركووك لە كارەكەی دوور بخاتەوە.

زیاتر گوتی، وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق رەزامەندییان لەسەر بڕیارەكەی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت داوە و داوایان لێ كردووە، ناوی كەسێكی تر كە لە نەتەوەی عەرەب بێ، بۆیان ڕەوانە بكات تا فەرمانی دەستبەكاربوونی لە شوێنی ناسیح شوانی دابنێن.

ئاماژەی دا، ڕاكان جبووری ناوی سوهێل خالید بەڕێوەبەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی كەركووكی بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق ناردووە تا پۆستەكە بەو بدرێ و ناسیح شوانی لە كارەكەی دەربكرێ، بەرپرسێكی كوردیش لە بەغدا داوای كردووە لە فەرمانگەكە دەست بە هەڵمەتی ناڕەزایەتی بكرێ، تا بتوانن ڕێ لە دوورخستنەوەی ناسیح شوانی و دانانی ئەو عەرەبە لەو پۆستە بگرن.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 30 پۆستی كارگێڕی جیاجیا لە كەركووك و خورماتوو و خانەقین لە كورد وەرگیراوەتەوە و عەرەب لە شوێنیان دانراوە، بە زۆریش لە كەركووك پرۆسەكە بە چڕی بەڕێوە دەچێ، لە تەك هێنانەوەی عەرەب بۆ ناوچەكە، بەرپرسە كوردەكانیش لە كار دوور دەخرێنەوە و كەسانی عەرەبیان لە شوێن دادەنرێ، ئەمەیش لە ئەنجامی ئەو خیانەتەیە كە گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاغبردنی نەوت كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد.

كەركووك/ زانیار داقووقی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د