دارە بەناوبانگەكه‌ی بارزان وشك بوو

:: AM:10:00:23/06/2018 ‌

داری دازا لە دەڤەری بارزان كە ساڵانە نزیكەی 15 هەزار گەشتیار سەردانیان دەكرد، ئەمساڵ وشك بوو، ئەمەیش خەڵكی ناوچەكە و گەشتیارانیشی نیگەران كردووە، مامۆستایەكی زانكۆیش هۆكاری وشكبوونی دەخاتەڕوو.

فەتاح مەحموود مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی ئامێدی كە لە ناوچەی وەڵاتژێرێی دەڤەری بارزان نیشتەجێیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، داری دازا یەكێكە لە گرنگترین و گەورەترین دارەكان لە دەڤەری بارزان، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێكی دەستكردن ئەمساڵ وشك بووە.

زیاتر گوتی، ئەو دارە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە و جوانییەكەی تایبەتی هەیە و لە دەڤەرەكە زۆر ناسراو بوو، ساڵانە لە بەهار و نەورۆز خەڵكێكی زۆر سەردانی ناوچەكەیان بەهۆی ئەم دارەوە كردووە و گەشتیار تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش بەهۆی ئەم درەختەوە هاتوونەتە ناوچەكەمان و وێنەیان لەگەڵ گرتووە.

دارەكە سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی تەمەنەوە گەورە و بەناوبانگ بوو، هاوكات لە ڕووی سیاسی و بەرخۆدانیشەوە پێگەی تایبەتی هەبووە، چونكە زۆر لە بڕیارەكانی شۆڕشه یەك لە دوای یەكەكانی بارزان لە ژێر سێبەری ئەو دارە بڕیاری لێ دراوە، بۆیە بەلای خەڵكی ناوچەكەوە دارەكە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی، بەگوێرەی گێڕانەوە مێژوویییەكان، لە ژێر سێبەری ئەو دارە، شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزان بڕیاری هەڵگیرسانی شۆڕش و پلانی شۆڕشی یەكەم و دووەمی بارزانیان داوە، بۆیە درەختەكە بووەتە هێمای شۆڕش و شوێنی بڕیاردان لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان.

لەبارەی هۆكاری وشكبوونی فەتاح مەحموود گوتی، سەرەتا شەقامی قیرتاو بە نزیك دارەكە برا، ئەمەیش وای كرد ڕەگەكانی دەربكەون لەو كاتەی شەقامەكە دروست دەكرا، دواتریش هێلی كارەبا بە ناو لق و چڵی دارەكە تێپەڕی، چەندان شوێنەواری فیشەكیش بەسەر دارەكەوە دیارە، گەشتیارانیش ئاگریان لە ژێری كردووەتەوە، هەموو ئەوانەیش هۆكاربوون تا وشك ببێ.

ناوی ئەو دارە بۆ بە "دازا" ناو براوە، چونكە ئاوی لە ژێر هەڵقوڵاوە و كانی لە ژێرییەوە هاتووەتە دەر، بۆیە دازا كورتكراوەی "دار زایە" بە واتای ئەو دارەی ئاوی لێ زاوە و هەڵقوڵاوە.

بارزان/ نەوزاد هلۆری.



















وشە - باز ئه‌حمه‌د