یارییەكانی ئەمڕۆ شەمووی مۆندیال

:: AM:10:45:23/06/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو یارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەردوامیان دەبێت و تێیدا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد شەڕی مان و نەمان دەكات.

سەرەتا لە كۆمەڵەی حەوتەم سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ بەكاتی كوردستان هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیكا و توونس لەنێو یاریگەی ئەتكرێت لە شاری مۆسكۆی پایەتەختی رووسیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەڵبژاردەی بەلجیكا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی حەوتەم دێت دوای ئەوەی لە یاریی یەكەمیدا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی پەنەمای بردبووەوە، ئامانجیشی ئەوەیە لە یارییەكەی ئەمڕۆشدا سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی بەفەرمی بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال سەربكەوێ.

لەبەرامبەریشدا هەڵبژاردەی توونس كە هێشتا ئازاری برینی شكستی رابردووی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ كەم نەبووەتەوە، لە یارییەكەی ئەمڕۆدا هیوای ئەوەیە سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی ببێتە تاكە نوێنەری عەرەب لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو نزیك ببێتەوە دوای ماڵئاواییكردنی هەڵبژاردەكانی سعوودیە و میسڕ و مەغریب.

لە یاریی دووەمیشدا كە لە چوارچێوەی كۆمەڵەی شەشەم دەبێت، سەعات 6ی سەر لە ئێوارە هەردوو هەڵبژاردەی كۆریای باشوور و سوێد رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

هەڵبژاردەی سوێد هاوشانی هەڵبژاردەی بەرامبەر پێشەنگی كۆمەڵەكەی گرتووە بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ دوای ئەوەی لە یاریی یەكەمیدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی كۆریای باشووری بردبووەوە، هەڵبژاردەی مەكسیكیش لە یاریی رابردوودا بەشێوەیەكی چاوەڕوانەكراو بەهەمان ئەنجام هەڵبژاردەی ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیالی رابردووی تێكشكاندبوو، بۆیە سەركەوتنی هەر هەڵبژاردەیەك لەم یارییەدا گەیشتن بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال مسۆگەر دەكات.

لە یاریی سێیەمیشدا كە سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان دەست پێ دەكات، هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بریندار هەوڵی بەدەستهێنانی یەكەم سێ خاڵی ركابەرییەكانی مۆندیال دەدات بەرامبەر هەڵبژاردەی كۆریای باشوور، هەردوو هەڵبژاردەكە لە یاریی رابردوودا بە گۆڵێكی بێ وەڵام شكستیان خواردبوو.

جێی باسە دوێنێ هەینی 3 یاریی تریش لە ركابەرییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیال بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

بەڕازیل 2-0 كۆستاریكا

نێجیریا 2-0 ئایسلەندا

سڕبیا 1-2 سویسڕا





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م