نەخۆشخانەیەك بۆ ئالوودەبووانی ئینتەرنێت دەكرێتەوە

:: AM:11:14:23/06/2018 ‌
نەخۆشخانەیەكی بەریتانیا بۆ یەكەمجار ناوەندێكی چارەسەری دەروونی بۆ ئالوودەبووانی ئینتەرنێت دەكاتەوە، ئەمەیش لەسەر بودجەی تەندروستی گشتی وڵاتەكە دەبێ.

پێگەی "سكای نیوز" بڵاوی كردووەتەوە، ناوەندە دەروونییەكە بۆ چارەسەری ئالوودەبووانی ئینتەرنێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو لە نزیك دەروازەی ڕۆژئاوای لەندەن دەكرێتەوە، خزمەتگوزارییەكانی بۆ ئالوودەبووان دەخاتە گەڕ، بە تایبەت ئەوانەی ئالوودەی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بوون.

هرنیتا باودن جۆنز پسپۆڕی دەروونی ئاشكرای كرد، دامەزراوەی تەندروستی دەروونی كردنەوەی ناوەندەكە بە گرنگ دەزانێ، بۆ چارەسەری ئالوودەبووان و ئامۆژگاری كردنیان و ڕێنوێنیی دایك و باوكی بەكارهێنەرانیش تا بە دوای دەروازەی تر بگەڕێن و منداڵەكانیان سەرقاڵ بكەن لە ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت دوور بكەونەوە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، یارییە ڤیدیۆیییە ئەلیكترۆنییەكانی بە یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی سەر مێشكی مرۆڤ هەژمار كردووە، ئەمەیش وای كردووە، وڵاتان بە دوای چارەسەر بگەڕێن و ئەو پرسە لە كەرتی تەندروستی گرنگی پێ بدەن و پسپۆڕی و ناوەندی تایبەت بە چارەسەركردنی بۆ بكەنەوە.

تا ئێستە ڕوون نییە، ئەو ناوەندە چارەسەرییەی لە لەندەن دەكرێتەوە، چەند كەس سەردانی دەكات، بەڵام شارەزایانی كەرتی تەندروستی لە وڵاتەكە بە بڕیارێكی گونجاو و هەنگاوێكی گرنگ هەژماری دەكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د