ماتیۆ كۆڤاسیچی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی كڕواتی رایگەیاند كە بۆ ئەو باشترە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جێبێڵێ.
كۆڤاسیچ ئەم لێدوانەی بۆ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی كرد و رایگەیاند: خوازیاربووم ماوەیەكی زیاتر لە ریزی یانەی ریال مەدرید بمێنمەوە، چونكە یاری تۆپی پێم خۆش دەوێ و هەمیشەش حەز دەكەم لەنێو یاریگە بم، بەڵام بۆم روون بووەتەوە زەحمەتە بتوانم لەو یانەیەدا درێژە بە ژیانی وەرزشی بدەم بەتایبەت كە لە تەمەنێكی بچووكەوە پەیوەندیم بەو یانەیەوە كرد.
زیاتر گوتی: دوای لێكدانەوە گەیشتمە ئەو رایەی كە دەبێت ئیتر لە یانەیەكی تر یاری بكەم كە هەلی زیاتری یاریكردنم پێ بدەن و لە پێكهاتەی سەرەكیدابم، ئەمە ئامانجی سەرەكی منە و پێویستیشە ئێستا بەدەستی بێنم.
كۆڤاسیچ هەروەها رایگەیاند: بۆمن وەك یاریزانێكی لاو زەحمەتە بەمشێوەی ئێستا لە ریزی یانەی ریال مەدرید بمێنمەوە و ناتوانم تواناكانم بەتەواوی دەربخەم.
یاریزانەكەی هەڵبژاردەی كڕواتیا زیاتر گوتی: ماوەی 3 ساڵە لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاری دەكەم و لەو ماوەیەدا وەك پێویست یاریم نەكردووە ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر یاریكردنم لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەم، راستییەكەی ئێستا بەهیچ شێوەیەك دڵخۆش نیم.
"هەرچەندە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا چەندان دەستكەوتی گەورەم لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و هاوڕێكانم بردۆتەوە، بەڵام راستییەكەی ئەم دەستكەوتانە دڵخۆشیان نەكردووم، چونكە هەوڵی تەواوی خۆم بۆ بەدەستهێنانیان نەداوە، لەبەر ئەم هۆكارانە پێویستە گۆڕانكاری بكەم و بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەی شاهانە جێبێڵم" كۆڤاسیچ وای گوت.
لەبارەی راهێنەرە نوێیەكەی یانەی ریال مەدرید، كۆڤاسیچ رایگەیاند: راستییەكەی هاوڕێیەتییەكی ئەوتۆم لەگەڵ لۆپیتیگی نییە و تا ئێستاش هیچ قسەیەكم لەگەڵی نەكردووە، بەڵام لە داهاتوودا دەبێت لەگەڵی دانیشم و چارەنووسم لەگەڵی یەكلایی بكەمەوە.
لە كۆتاییدا كۆڤاسیچ جەختی كردەوە كە ریال مەدرید یانەیەكی نموونەییە و چەندان ئەستێرەی گەورە یاریی تێدا دەكەن، بۆ ئەویش وەك یاریزانێكی لاو شوێنەكە گونجاو نییە و پێویستە بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەكە جێبێڵێ.