پێویستە میسی هەست بە شەرمەزاری بكات

:: PM:01:14:23/06/2018 ‌

ئیمانوێل بیتی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فڕەنسا و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رایگەیاند كە پێویستە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتین هەست بە شەرمەزاری بكات دوای ئەوە شكستە گەورەیەی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی دووچاری بووەوە بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێنجشەمی رابردوو لە دووەم یاریی كۆمەڵەی چوارەمی مۆندیالی 2018ی رووسیا دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا بە 3 گۆڵی بێ بەرامبەر.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی یەكەمیشدا نەیتوانیبوو سەركەوتن بەدەست بێنێ و بە گۆڵێك بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەندا یەكسان ببوو، بەمەش ئێستا بەیەك خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی كۆمەڵەكەیدایە.

تاكە هیوای سەركەوتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ قۆناغی داهاتووی مۆندیال سەركەوتنە لە یاریی سێیەم و كۆتای كۆمەڵەكاندا بەرامبەر هەڵبژاردەی نێجیریا كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو بێتە ئەنجامدان.

بیتی یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بە رۆژنامەی (سپۆڕت)ی راگەیاند كە پێویستە میسی هەست بە شەرمەزاری بكات بە پێچەوانەی ئەوەی بڕوا و سەری شۆڕكاتەوە و هیچ قسەیەك نەكات.

زیاتر گوتی: كاتێك كارەكان بە ئارەزووی ئەوان بەڕێوە ناچن و شكست دەخۆن، میسی نازانێ چۆن هەڵسوكەوت بكات و تەنیا سەری خۆی شۆڕ دەكاتەوە و هیچ قسەیەك لەدەمی نایەتە دەرەوە.

ئەو ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فڕەنسا هەروەها رایگەیاند كە میسی هەمان هەڵسوكەوتی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەش دوای دەركردنیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نواندبوو و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دووبارەی دەكاتەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م