هەولێر داوای هەڵمەتی خوێنبەخشین دەكات

:: PM:02:55:23/06/2018 ‌
بەهۆی كەمبوونەوەی خوێن لە سەنتەرەكانی پاشەكەوتن و وەرگرتنی خوێن لەلایەن تووشبووانی تالاسیمیا و تەندروستی هەولێر داوای خوێن لە خوێنبەخشان دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، سالار سامان ئەندامی گرووپی خوێنبەخشانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی خوێن و پێداویستی زۆر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و بەڕێكردنی مانگی ڕەمەزان خوێن كەم بووەتەوە لە سەنتەرەكانی خوێن.

ئەو خوێنبەخشە گوتی، هەندێك خوێنی دەگمەنیش هەن، هەمیشەی پێویستە بۆ ڕووداوی لەناكاو نەبوونی ڕووداویش هەر پێویستییە، بۆیە داوا لە خوێنبەخشان دەكەین، سبەی ڕوو بكەنە سەنتەری خوێنبەخشین.

سروە جەباری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەر لە جەژن خوێن بۆ بەشێك لە تووشبووانی تالاسیمیا دابین كرا و بەشێكیشیان ئامادە نەبوون ئەو خوێنە لە جەستەیان بكرێت، چونكە خوێنەكە تەواو ئامادە نەكرابوو.

زیاتر گوتی، پێویستە لە سەنتەری خوێن ئەو خوێنە ئامادە بكرێت، ئینجا لە جەستەمان بكرێت دەنا ئازارێكی زۆری جەستەیی دەبینین.

لە ڕاگەیەنراوێكی سەنتەری خوێن و تەندروستی هەولێریش هاتووە، بۆ ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤێكی تر بەتایبەتی ئەو بەڕێزانەی هەڵگری گرووپی خوێنی -O تكایە هاوكار بن لە خوێنبەخشین لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە خوێنە لە بانكی خوێن ڕێژەی دابەزیوە.

لە شاری هەولێر سەنتەرێكی تایبەت بەخوێن وەرگرتن هەیە و ڕۆژانە بەسەتان بوتڵ خوێن دەبەخشرێت لەلایەن هاووڵاتییان و گرووپی خوێنبەخشان.



وشە - رامیار جەواد