پارە دزراوەكانی عێراق لە بانكەكانی میسڕ سپی دەكرێنەوە

:: PM:04:37:23/06/2018 ‌


لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بانكەكانی لبنان و ئیمارات پێشەنگی بانكە نێودەوڵەتییەكان گرتبوو لە سپیكردنەوەی پارەی دزراوی بەرپرسانی عێراقی، بەڵام بەرپرسانی سێكتەری دارایی عێراق دەڵێن لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بانكەكانی میسری جێیان بە بانكەكانی لبنانی و ئیماراتی لێژ كردووە. بەرپرسێكی دەستەی نەزاهەش دەڵێ تەواوی حەواڵەكانی بۆ میسر دەچێت ئامانج لێی سپیكردنەوەیە نەك بازرگانی و وەبەرهێنان.

بەرپرسانی سێكتەری بانكی عێراقی ئاشكرای دەكەن لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زۆرترین پارەی بەرپرسان و وەبەرهێنەران و بازرگانانی عێراقی بۆ بانكەكانی میسر حەواڵە كراوە، ئەمەش گومانی بەكارهێنانی بانكەكانی ئەو وڵاتەی لێ دەكەوێتەوە بۆ سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی عێراق و جێی بانكەكانی لبنانی و ئیماراتیان گرتووەتەوە.

دوای رووخانی بەعس، لە 2003ەوە تا ئێستە عێراق نزیكەی ترلیۆنێك دۆلار داهاتی هەبووە كەچی بووەتە یەكێك لە وڵاتە قەرزارەكان و كەڵەكەبوونی قەرز لەسەری گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر داڕمانی دەوڵەت ئەگەر لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نرخی نەوت بەرز نەبووایەتەوە.

بەگوێرەی پۆلین و ریزبەندی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، ئێستە دوبەی بووە بە وێستگەی سپیكردنەوەی پارەی مافیاكانی مادەی هۆشبەر و بازرگانان و وەبەرهێنان كە ساڵانە نزیك بە ترلیۆنێك دۆلار لە سێكتەری عەقارات لە دوبەی سپی دەكرێتەوە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینەی "دارایی" ئەمەریكی، لبنان یەكێكە لەو وڵاتانەی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا هاوشانی ئیمارات زۆرترین حەواڵەی لە عێراقەوە بۆ چووە، كە بەشی زۆری ئەو پارەیەی حەواڵەی ئەو دوو دەوڵەتە كراوە، پارەی بەرپرسان و وەبەرهێنەران و بازرگانان بووە، ئەو دوو دەوڵەتەش بووبوونە سایەیەكی باش بۆ سپیكردنەوەی پارەی دزراوی عێراقییەكان و پاراستنیان، بەڵام دوای ئاشكرابوون و تەقینەوەی بابەتەكە، لەمساڵدا بانكەكانی میسر جێیان بە بانكەكانی لبنانی و ئیماراتی لێژ كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی "عەرەبی جەدید" كە چەندان بەرپرسی سێكتەری دارایی قسەیان بۆی كردووە، كۆكن لەسەر ئەوەی كە حەواڵەكردنی پارە بۆ بانكەكانی میسر لەلایەن بازرگان و وەبەرهێنەران و سەركردە سیاسییەكان خواستێكی زۆری لەسەرە.

ئەو بەرپرسانە لەبەر پاراستنی ژیانی خۆیان ئامادە نەبوون ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت، دەڵێن بانكەكانی میسری ئابڵۆقەی بانكەكانی لبنانی و ئیماراتیان شكاندووە كە ماوەی 15 ساڵە زۆرترین حەواڵە بۆ ئەو دوو دەوڵەتە رۆیشتووە، ئەویش بەهۆی ئەو ئاسانكارییانەی بانكەكانی میسر و دەوڵەتی میسر پێشكەشی بە عێراقییەكان كردووە.

بەشێك لەو پارەیەی لە عێراق حەواڵە دەكرێت بۆ بانكەكانی دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری دۆخی تەناهی و سەختی مامەڵەی دارایی و ترس لە دانانی ئەو بڕە پارە زۆرە لە بانكەكان، كە وای كردووە بازرگان و وەبەرهێنەرە عێراقییەكان پارەكانیان بۆ دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن، بەشەكەی تری ئەو پارە دزراوەی دەوڵەتە كە زۆرینەی سەركردە سیاسییەكان و بەرپرسان و وەزیر و پەرلەمانتاران لە گەندەڵی گلاون و پارەكانیشیان بۆ دەرەوەی وڵات حەواڵە دەكەن.

بەپێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلار لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بۆ بانكەكانی میسر حەواڵە كراون.

ئەو بەرپرسەی سێكتەری دارایی عێراقی دەڵێ تەواوی حەواڵەكان لە رێی كۆمپانیاكانی حەواڵەی عێراقی ئەنجام دراون. گوتی "بانكەكانی میسر ئاسانكاری زۆر گەورەیان بۆ عێراقییەكان كردووە، لەوانە هەڵگرتنی مەرجی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی "ئیقامەی دائمی" لە وڵات بۆ ئەوانەی پارەیان لە بانكەكان هەیە بۆ كردنەوەی حیسابی بانكی، هاوكات ئاسانكاری بۆ ئەو پارانەی لە عێراقەوە لە رێی كۆمپانیا ئەهلییەكان بۆ بانكەكان حەواڵە دەكرێن، رەنگە ئەو ئاسانكارییانەی میسر ببێتە هۆی ئەوەی كە بانكەكانی میسر لەمساڵدا كێبەركێی گەورە لەگەڵ بانكەكانی لبنان و ئیمارات بكات كە لای بەرپرسانی عێراقی شوێنێكی گونجاو بووە بۆ هەڵگرتنی پارەكانیان".

 بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی نەزاهەی عێراقی تەنیا لە شەش مانگی كۆتای 2017، دوو هەزار و 923 سكاڵا لەسەر گەندەڵی تۆمار كراوە، لەو ژمارەیەدا 28یان پلەی وەزیر و هاوشێوەیان هەبووە و 218یان پلەی تایبەتیان هەبووە لە بەڕێوەبەری گشتی بە سەرەوە.

لە راپۆرتەكەدا كە "ئیلاف" بڵاوی كردووەتەوە، دەستەی نەزاهە 91 بەرپرس گیراون كە 14یان لە بەغدا بووە و 77ەكەی تریش لە 15 پارێزگاكەی تر كە بڕی ئەو پارەیەی گومانی گەندەڵییان لەسەر بووە 110 ملیار دینار و 321 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی دەستەی نەزاهە، ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار و 273 پەرلەمانتاری تریش ئەستۆپاكی دارایییان بۆ دەستەكە نەناردووە.

یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە قسەی حەسەن یاسری سەرۆكی دەست لەكاركێشانەوەی دەستەی نەزاهە، هەبوونی یاسای لێبوردنی گشتییە، ئەو دەڵێ تەنیا لە نیوەی یەكەمی 2017 هەزار و 614 تۆمەتبار 602یان بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون.

سەلامە سەمیسم شارەزای ئابووری عێراقی دەڵێ، یەكێك لە هۆكارەكانی حەواڵەكردنی پارە بۆ بانكەكانی میسر دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی جونەیهی میسری بەرانبەر بە دۆلار و ئەو ئاسانكارییانەی قاهیرە بەمدوایییە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراقی كردوویەتی لە پاراستنی سەرمایەكانیان، كە ئەمە پێچەوانەی توندكردنی رێنوێنییەكانی سیستەمی بانكی و دارایی وڵاتانی تری دراوسێی عێراقە لەسەر بازرگان و وەبەرهێنەران و سەركردەكانی عێراقی.
 
بەڵام بەرپرسێكی دەستەی نەزاهە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، رای پێچەوانەی سەمیسم هەیە و پێی وایە بانكەكانی میسر بوونەتە ئارامگەیەكی باش بۆ شووشتنەوەی پارەی بەرپرسانی عێراقی و دەستەوارەیەكی گەندەڵی لەم نێوەندەدا هەیە. گوتی "میسرییەكان ئەوە باش دەزانن كە ئەو پارەیەی لە عێراق حەواڵە دەكرێت بۆ بانكەكانیان، پارەیەكی پاك نییە".

جێی باسە بەگوێرەی دواین پۆڵینی وڵاتان لە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق هاوشانی شەش وڵاتی تری عەرەبی لە 10 وڵاتە هەرە گەندەڵەكانی دنیا دێت.



وشە - فه‌رمان سادق