لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپات لەوە دەكەنەوە كە بارەگای میلیشیاكان و حزب و چەكدارەكان لە بەغدا ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەكەن، دیاردەی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و ڕۆیشتنی میلیشیاكان لە بازگەكان بێ لێپرسینەوە و حیسابكردن بۆ پۆلیس و سوپا بە تەواوی پایتەختی عێراقی تەنیوە.
بەگوێرەی سەرچاوە تەناهییەكانی بەغدا، ئێستە بارەگای 240 حزب كە هەریەكەیان بەلای كەمەوە پێنج تا 10 پاسەوانی چەكداریان هەیە، لەگەڵ 300 بارەگای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاكانی بەغدا بوونیان هەیە، تەواوی ئەو هێزە میلیشیانەیش خاوەنی چەك و ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆن و زۆرینەی ڕەهای چەكدارەكانیشیان هیچ ڕێزێك بۆ یاسا و پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی ناو شارەكە دانانێن.
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە "
العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، حزبەكان ژمارەی چەكدارەكانیان زیاتر كردووە و میلیشیاكانیش بەردەوام بارەگای زیاتر و چەكداری زۆرتر دەهێننە بەغدا، ئەوان سووكایەتی بە هێزە تەناهییەكانی بەغدا دەكەن و حیساب بۆ بازگەكان ناكەن، كێشەی گەورەمان هەیە لە ڕێزنەگرتنی میلیشیاكان و چەكدارانی حزب لە یاسا و ڕێنوێنییەكان.