خەڵكی توركیا پێشوازی لە داواكەی ئەردۆغان دەكەن

:: AM:09:34:05/12/2016 ‌

بەهۆی دابەزینی نرخی لیرەی توركیا بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی، ئەردۆغان داوا لە هاووڵاتییانی دەكات دۆلارەكانیان بگۆڕنەوە و لیرە بكڕن، ئەوانیش پێشوازی لە داواكە دەكەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی لیرە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە بەرامبەر دۆلاردا و ئێستە 3.6 لیرەی توركیا بە دۆلارێك دەفرۆشرێت، هاوكات نرخی ئەو دراوە بەرامبەر بە یۆرۆش دابەزیوە و 3.8 لیرە بە یۆرۆیەك ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت، ئەمەش ترسێكی زۆری لەسەر هاووڵاتییان و حكوومەتی وڵاتی توركیا دروست كردووە.

ڕۆژی هەینی دووی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2016، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پاڵپشتی لە دراوی وڵاتەكەی، داوای لە خەڵك كرد هەرچی دۆلاریان هەیە بە لیرە بیگۆڕنەوە یاخود بیدەن بە زێڕ، ئەمەش لەپێناو دووبارە بەرزكردنەوەی نرخی لیرەی توركی و ڕێگەگرتن لە زیاد دابەزینی دراوی توركیا.



دوابەدوای داواكەی ئەردۆغان، بۆڕسەی ئیستانبوڵ ئاشكرای كرد كە هەرچی پارەی هەیە بۆ یۆرۆ گۆڕیویەتەوە. بەو مەبەستەی خەڵك زیاتر بە لیرە مامەڵە بكات بۆ ئەوەی بەهاكەی بەرز ببێتەوە.

هاوكات بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیاش گوتبووی: لە 10 ساڵی رابردوودا توركیا تووشی نزیكەی 10 ڕووداوی ناخۆشی ئابووری بووە، بەڵام بەسەر سەرجەم ئەو ڕووداوانەدا زاڵ بووە، بۆیەش مەترسی دابەزینی نرخی لیرەش تێدەپەڕێنێت.

پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە جگە لە رووداوە ئابوورییەكانی دنیا كە كاریگەری بۆ سەر ئابووریی ناوخۆی توركیا هەبووە، ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی توركیا و ئەو سیاسەتانەی ئەردۆغان گرتوویەتە بەر، هۆكارێكی ترن لە دابەزینی نرخی لیرە و بەهای پشكەكان لە توركیا.

بەشێكی خەڵكی توركیا بەدەم داواكەی سەرۆكەكەیانەوە هاتن و دەستیان كرد بە گۆڕینەوەی پارە دۆلارەكانیان بۆ لیرەی توركی، بەمەبەستی ڕزگاركردنی نرخی دراوی وڵاتەكەیان.

لە دوای داواكەی ئەردۆغانەوە هاووڵاتییانی توركیا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی گەورەیان كردووە بۆ گۆڕینەوەی دۆلارەكانیان و بەهاناچوونی دراوی وڵاتەكەیان، بۆیە چەندان ڕێگەیان بەكار هێناوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاشتاگێكیان بۆ ئەو كارەیان دروست كردووە، بە ناوی #BozDolar واتا گۆڕینەوەی دۆلار.



هەركەسێك بە بیرۆكەیەكی نوێ و كاریگەر بەهانای داواكەی سەرۆكی توركیاوە چووە، لەگەڵ ئەو هاشتاگە وێنەكەی داناوە تا كەسانی تریش هاوكار بن و بەزووترین كات دراوی وڵاتەكەیان لەو تەنگژەیە ڕزگار بكەن.

جگە لە سووتاندنی یەك دۆلاری لەلایەن زۆرێك لە دانیشتوانی توركیاوە و ڤیدیۆكردن و وێنەگرتنی ئەو دیمەنە و بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمانە چەند نموونەیەكی ئەو چالاكییانەن كە هاووڵاتییانی توركیا بەمەبەستی فریاكەوتنی دراوی وڵاتەكەیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە:

- یەكێك لە چێشتخانەكان خواردنی ژەمێكت بێ بەرامبەر دەداتێ ئەگەر بیسەلمێنیت كە 250 دۆلارت گۆڕیوەتەوە بۆ لیرەی توركی و ڕەچەتەكەت نیشاندان.

- دووكانێكی فەرش فرۆشتن، شەش مەتر فەرش بێ بەرامبەر دەداتە هەر هاووڵاتییەك ئەگەر ڕەچەتەی گۆڕینەوەی دوو هەزار دۆلاری پێ بێت.

- سەرتاشێك سەری ئەو كەسە بێ بەرامبەر دەتاشێت ئەگەر ڕەچەتەی گۆڕینەوەی 300 دۆلاری پێ بێت.



- غالب ئۆزتورك، بەڕێوەبەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی میرتۆ لە توركیا، لە تویتەری خۆیەوە ڕای گەیاندووە هەركەس ڕەچەتەی گۆڕینەوەی 500 دۆلاری پێ بێت، ئەوا گەیاندنی بە میترۆ دەبێتە بێ بەرامبەر.

- دووكانێكی جلوبەرگ پارچەیەك جلت بێ بەرامبەر دەداتێ ئەگەر ڕەچەتەی گۆڕینەوەی دوو هەزار دۆلاری پێ بێت.

وا چاوەڕوان دەكرێت بیرۆكەی تر و هاندانی نوێ بۆ ئەو كارە بێتە ئاراوە، چونكە خەڵكی توركیا زۆر بە گەرموگوڕی پێشوازییان لە داواكەی ئەردۆغان كردووە و كار لەسەر ئەوە دەكەن كە چۆن دووبارە نرخی دراوی وڵاتەكەیان بگەڕێننەوە ئاستێكی بەرز، بۆیە ڕۆژانە هاشتاگی #BozDolar لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوێ دەكرێتەوە.

سەرچاوە: عەرەبی21


























وشە - موحسین شابان