سەرۆكی نوێی توركیا ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت

:: PM:09:52:24/06/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی توركیا رای گەیاند كە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا كە ئەمڕۆ یەكەشەم بەڕێوە چوو، سیستەمی سەرۆكایەتی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت دەچێتە قۆناغی جێبەجێكردن، راپۆرتێكیش ئاماژە دەكات ئەگەر ئەردۆغان /64 ساڵ/ لەو هەڵبژاردنە بیباتەوە و جارێكیتریش بۆی درێژ بكرێتەوە تا 2028 وەك سەرۆكی خاوەن دەسەڵاتی رەها لە توركیا فەرمانڕەوایی دەكات.

بەكر بۆزداغ، ئەمڕۆ یەكشەم دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ گەلی توركیا یەكەم سەرۆك و یەكەم پەرلەمانتار بەپێی سیستەمی نوێ هەڵدەبژێرن، وەك ئاماژەیەك بۆ چوونی توركیا لە سیستەمی پەرلەمانییەوە بۆ ناو سیستەمی فەرمانڕەوایی سەرۆكایەتی، ئەوەیش بەپێی راپرسییەك كە لە نیسانی 2017 بەڕێوە چوو و پەسند كرا، بەڵام چی دەگۆڕێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی توركیا چی دەبێت؟.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "حەیات"ی لەندەنی براوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی توركیا كە ئەمڕۆ 24ی حوزەیران بەڕێوە چوو دەسەڵاتێكی فرەوانی دەبێت بەپێی ئەو هەمواركردنە دەستوورییەی رەجەب تەیب ئەرۆدغانی سەرۆكی توركیا لە نیسانی 2017 لە راپرسییەكی جەماوەریدا خستییە روو.   

هەموواركردنەكە بریتی بوو لە گواستنەوەی بەشێكی زۆری دەسەڵاتی جێبەجێكردن (دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران) بۆ سەرۆك كۆمار لەوانە دانانی وەزیر و بریكارانی وەزیر و دادوەران و گەورە بەرپرسانی حكوومەت و جێگرانی خۆی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران كە ئێستە بناڵی یەڵدرم بەڕێوەی دەبات.

لەلایەكی تر هەموواركردنەكە رێگە بەسەرۆكی نوێ دەدات بەدەستوەردانی راستەوخۆ لە كاری دادوەری كاتێك راستەوخۆ و ناراستەوخۆ شەش ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەر و داواكاران كە دامەزراندن و لەكارلادانیان لە كەرتی دادوەریدا، لەو كاتەی پەرلەمان بۆی هەیە حەوت ئەندام دیاری بكات.

بەپێی چاكسازی دەستووری سەرۆك دەتوانێت باری فریاگوزاری لەكاتی روودانی راپەڕین لەدژی وڵات یان دروستبوونی كاری توندوتیژی كە هەڕەشە لە دابەشبوونی نەتەوە بكات، رابگەیەنێت، واتە بەر لە خستنەڕووی بابەتەكە لەناو پەرلەماندا. كە ناتوانرێت بۆ یەكەمجار زیاتر لە شەش مانگ باری فریاگوزاری بسەپێنرێت، بەڵام بۆهەر جارێك دەتوانرێی چوار مانگ درێژ بكرێتەوە.

لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئەردۆغان بەڵێنی لابردنی باری فریاگوزاری ئێستەی توركیای دا كە لەدوای كودەتا نووچخواردووەكەی تەمووزی 2016 هاتووەتە سەپاندن لەو وڵاتەدا، هەروەها هەموواركردنەكە باسی ئەوەیش دەكات كە ژمارەی پەرلەمانتاران لە 550ەوە بۆ 600 زیاد بكرێت، هەروەها تەمەنی خۆكاندیدكردن لە 25ەوە بۆ 18 كەم دەكرێتەوە.

جیا لەوانە هەر پێنج ساڵێك هەڵبژاردنی پەرلەمانی رێك دەخرێت لەبری چوار ساڵ و لەیەك كات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، هەروەها پەرلەمان دەسەڵاتی دەركردنی بڕیار و هەموواركردنەوەی و هەڵوەشاندنەوەی یاساكانی دەمێنێتەوە، جیا لە دەسەڵاتی سەرپەرشتیكردنی كارەكانی سەرۆك، بەڵام سەرۆكی وڵات دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانی سەرۆكایەتی دەبێت لەبارەی هەموو بابەتەكانی پێوەست بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە. واتە سەرۆك ناتوانێت فەرمان لەبارەی ئەو پرسانەی یاسا رێكیان دەخات دەربكات.

بەپێی یاساكە ئەگەر سەرۆكی وڵات گومانی ئەنجامدانی تاوانی خرایە پاڵ، پەرلەمان دەتوانێت داوای كردنەوەی لێكۆڵینەوە بكات و ئەوەیش بە دەنگی زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت.

هەروەها ئەو سەرۆكەی كە چیتر پابەند نییە بەبڕینی پێوەندییەكانی بە پارتەكەی بەپێی گۆڕانكاری دەستووری نوێ، دەتوانێت پێنج ساڵ بمێنێتەوە و تەنیا جارێكیش بۆی نوێ دەكرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان /64 ساڵ/ لەو هەڵبژاردنە بیباتەوە كە لە دوای 12 ساڵ لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی توركیا توانی لە هەڵبژاردنی ئابی 2014 ببێتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، دەتوانێت ئەگەر بۆی درێژ بكرێتەوە تا 2028 وەك سەرۆكی توركیا فەرمانڕەوایی بكات.

شرۆڤەكاران دەڵێن رەنگە ئەردۆغان دوای بردنەوەی گۆڕانكاری ئەنجام بدات لە رێگەی دەست سووككردن لەبەرانبەر نەیارانییەوە و دەستكردن بە چاكسازی ئابووری لە توركیا و هەوڵدان بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا، بەڵام عەبدولەتیف سینیر، یاریدەری سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئێستەی پارتی گەلی كۆماری دەڵێت، ئەگەر ئەردۆغان بڕیاری گەڕانەوە بۆ دیموكراسیەتێكی زیاتر بدات، خۆی دەخاتە ناو مەترسییەكی گەورەوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت لەژێر دەسەڵاتی خۆی بێڵێتەوە، چونكە ئەگەر ئەوە نەكات توانای مانەوەی نابێت.  

دوێنێ رۆژنامەی "هائارتیس"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی كرد كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی نوێی توركیا دەسەڵاتێكی فرەوانی دەبێت كە پارساڵ لە راپرسییەكی جەماوەری پەسند كرا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی و دامەزراندنی دادوەران و وەزیر و جێگرانیان، لەپاڵ دەركردنی فەرمانەكان بێ رەزامەندی پەرلەمان، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە لەو هەڵبژاردنە بۆ ساڵانی داهاتوو رووخساری دەوڵەتی توركیا دیاری دەكات.

سەرچاوە/ حەیات





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل