حكوومەت لەسەر كاغەز بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان دەبێتەوە

:: AM:09:37:05/12/2016 ‌

هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی و گەرمیان، بەتوندی رەخنە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن بەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كەمتەرخەمە و پێیان وایە، هەوڵەكانی حكوومەت لەسەر كاغەز تێپەڕیان نەكردووە. ئەوان پێیان وایە، حكوومەت بەكارئاسانی بۆ سوڵحی عەشایەری، هانی توندوتیژی زیاتر دەدات.

تەنانەت بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپاتی دەكەنەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە كوردستاندا سەركەوتوو نەبووە، ئەوەش لە كاتێكدا دێت كە حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان پاشەكشەیان نەكردووە و جۆرەكانی توندوتیژیش هەڵكشاون.

لەمیعە محەمەد بەڕێوەبەری بەرەنگاریوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "هەوڵەكانی حكوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا لەسەر كاغەزن، تەنانەت ناتوانێ ئەو یاسایەش جێبەجێ‌ بكات كە لە پەرلەمان دەرچووە".
ساڵی 2011 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 8ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەسند كرد، بەڵام لایەنە پێوەندیدارەكان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن ئەو یاسایە لەلایەن حكوومەتەوە جێبەجێ‌ نەكراوە و ئەوەش بەهۆی هەڵكشان و بەردەوامی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان دەزانن.

لەمیعە پێی وایە، "بە جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە".

بەگوێرەی ئاماژەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان، ئەمساڵ دوو حاڵەتی كوشتن، شەش حاڵەتی خۆكوشتن، شەش حاڵەتی سووتان، چوار حاڵەتی خۆسووتاندن و چوار حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی لەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمار كراون، بەڵام ئەوە ژمارەی راستەقینەی حاڵەتەكانی توندوتیژی نییە، لە كاتێكدا زۆرێك لەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، بەهۆی ترسیان لە زیاتر قووڵبوونەوەی كێشەكە، ئامادە نین دۆسیەكانیان بگەیەننە پۆلیس و دادگەكان.

بەپێێ‌ ئاماری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، لەمساڵدا 350 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی تۆمار كراوە.
سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 350 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كراوە و لەناویشاندا حەوت حاڵەتی كوشتنی ژنان هەیە.

عومەر دەڵێ‌، "هەوڵەكانی حكوومەت بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان سست و لاواز و بێ كاریگەرن".

چالاكانی بواری ژنان و یاساداڕێژەرانی كوردستان پێیان وابوو بە دەركردنی یاسایەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، قەبارەی توندوتیژییەكان كەمتر دەكرێنەوە، بەڵام یاسایەكە پاش پێنج ساڵ لە دەركردنی، نەیتوانی ئامانجەكە بپێكێت، لە كاتێكدا كە حكوومەتیش لە جێبەجێكردنی رژدییەكی نەبووە.

مریەم سەمەد، ئەندامی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "ئەو یاسایە هیچ بڕگەیەكی لێ‌ جێبەجێ‌ نەكراوە".

ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "پێش ئەوەی پەرلەمان پەكی بكەوێت، سەرقاڵی دروستكردنی فشارێكی رژد بووین لەسەر حكوومەت تا ئەو یاسایە جێبەجێ‌ بكرێت، بەڵام بەهۆی پەككەوتنی پەرلەمانەوە نەمانتوانی ئەوە بكەین".

ئەو ئەندامەی لیژنەی داكۆكی لە ئافرەتان پێی وایە، "حكوومەتی هەرێم دەتوانێت هەنگاوی رژد بنێت بۆ كەمبوونەوەی توندوتیژی، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە حكوومەت بێباك و كەمتەرخەمە لە بەردەم كەیسی ژناندا".

وەك ژنان و چالاكانی ژنانیش دووپاتی دەكەنەوە، حكوومەت لە جیاتی هەنگاوی ڕەسمی و یاسایی، دەرگەی میوانخانەكانی كردووەتەوە و سەرقاڵی سوڵحی عەشایەرییە بۆ كەیسەكانی ژنان.

خانم ئەحمەد، چالاكی مافەكانی ژنان لە سلێمانی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، "لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم نەیتوانیوە بكوژانی دوو ژن لە سەرتاسەری هەرێم بگرێت و سزایان بدات". ئەو دەڵێ‌، "حكوومەت لە جیاتی جێبەجێكردنی یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، لە پشت دادگە و یاساوە كارئاسانی بۆ سوڵحی عەشایەری دەكات و ئەوەش هانی پیاوان و خەڵك دەدات توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدەن."

ئەو چالاكەی بواری مافەكانی ژنان و بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی لە گەرمیان، هاوڕان لەسەر ئەوەی گەشەی هۆشیاری كۆمەڵایەتی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان هەیە، بەڵام دووپاتیش لەوە دەكەنەوە، حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان بەبێ‌ جێبەجێكردنی یاسا و هەنگاوی كردەنی حكوومەت بنبڕ ناكرێت.

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت