چەكداران ئەندامانی خێزانی كارمەندێكی كۆمسیۆنیان سەر بڕی

شەوی ڕابردوو  لە كۆمەڵگەیەكی نزیك لە شارەدێی سەعدیە، ژمارەیەك چەكدار چوونەتە سەر ماڵی كارمەندێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و تەواوی ئەندامانی خێزانەكەیان سەربڕیوە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، ئەحمەد فازڵ دلیمی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی دەوروبەری سەعدیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە كۆمەڵگەی حەمرین سەربە شارەدێی سەعدیەی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، ژمارەیەك چەكدار چوونەتە سەر ماڵی (غ. م. ج.) كە كارمەندێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە لە پارێزگای دیالە، لەو كاتە خۆی لەماڵ نەبووە، دایك و سێ‌ خوشكی ئەو كارمەندەیان سەربڕیوە.

جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس دەڵێت، ئەو چەكدارانە دواتر ناوچەكەیان جێ هێشتووە بێ ئەوەی بناسرێنەوە كێن و هەڵمەتی گەڕانیش بەدوایان دەستی پێ‌ كردووە كە پێ دەچێت هێشتە لە سنوورەكە مابن، چونكە شەوی ڕابردوو ڕێی سەرەكی داخرابوو.

دلێمی ئاشكرای كرد ئێستە هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ئەو ناوچەیان داوە و لێكۆڵینەوە لەبارەی ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە، بەڵام تا ئێستە كەس نەگیراوە بەو تۆمەتە.

دوای خیانەتی باڵێكی سەربازی یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەشێكی زۆری ناوچەكانی مادەی 140 كەوتە ژێر دەستی حەشدی شەعبی ئێستە دۆخی تەناهی ئەو ناوچانە تێكچووە.



وشە - رامیار جەواد


AM:09:06:25/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌