پەكەكە لە قەندیل پاشەكشە دەكات

:: AM:09:30:25/06/2018 ‌
سەرچاوە تەناهییەكان لە عێراق ئاشكرایان كرد، بەهۆی بۆردمانی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" پاشەكشەیان لە چەندان پێگەی پێشووی خۆیان لە شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران كردووە.

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاندووە، سەركردەكانی پارتی كرێكاران دژی داواكەی حكوومەتی عێراق وەستاونەتەوە و كە داوامان لێیان كردبوو بە زوویی خاكی عێراق بەجێ بهێڵن، هیچ هێزێكی هاوبەش و عێراقیش لە ناوچەكە بوونی نییە، بۆیە توركیا بەردەوام پێشڕەوی دەكات و مەترسی لەسەر ژیانی 70 هەزار هاووڵاتیی كوردی عێراق دروست كردووە.

زیاتر گوتی، بەهۆی بۆردمانی چڕی فڕۆكە جەنگییەكان و تۆپخانەی توركیا، لە ماوەی چەند سەعاتی ڕابردوو، هێزەكانی پەكەكە لە چەندان پێگەی خۆیان پاشەكشەیان كردووە لە چیای قەندیل كە بارەگای سەرەكیی هێزەكانی ئەو حزبەی لێیە.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئیحسان عەبدولعەزیز بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، سوپای توركیا بەردەوامە لە بۆردمانی ناوچەكە و دەیەوێ ڕێیەكان لە یەكتر بپچڕێنێت، بەهۆی بۆردمانەكانیش ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئاوارەی گوندەكانی چیای كۆرەك بوون.

پەكەكە و توركیا لە 1984ەوە دژی یەكتر لە جەنگدان لە ماوەی دوو ساڵ ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام لە 2015 جارێكی تر دەستیان بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە كردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە، بەگوێرەی ئامارەكان لە ئەنجامی شەڕی هەردوولا تا ئێستە 40 هەزار كەس بوونەتە قوربانی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د