مۆندیال.. وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكان گۆڕانكاری بەسەر هاتووە

:: AM:09:57:25/06/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم گەڕی سێیەم و كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا دەست پێ دەكات و بۆ ئەمەش گۆڕانكاری بەسەر وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكان هاتووە كە پێشتر سەعات 3 و 6 و 9 بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچوون.

بەگوێرەی سیستەمی ركابەرییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا هەردوو یاریی هەر كۆمەڵەیەك لەیەك وادە و سەعات بەڕێوە دەچێت ئەمەش بۆ ئەوەیە ركابەریی و ئەنجامی یاریی نێوان هەڵبژاردەكان ئاشكرا نەبێت بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردەی سەركەوتوو بۆ قۆناغی 16.

هەردوو یاریی كۆمەڵەی یەكەم لەنێوان ئۆرگوای – رووسیا و سعوودیە – میسڕ سەعات 5ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

یاریی یەكەم لەنێوان هەڵبژاردەكانی ئۆرگوای و رووسیا كە هەردوو هەڵبژاردە سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كردووە، لەنێو یاریگەی كۆسمۆس ئەرینا لە شاری سامارا لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی سەنیگالی بەسەركردایەتی مالانگ دیدهیۆ بەڕێوە دەچێت.

هەردوو هەڵبژاردە سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16ی مۆندیال مسۆگەر كردووە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ سەركەوتن و ریزبەندی یەكەم دەجەنگن تا لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی دووەمی كۆمەڵەی دووەم ببنەوە.

یاریی دووەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عەرەبی سعوودییە و میسڕ لەنێو یاریگەی ڤۆلگۆگراد لەلایەن دەستەیەك لە ناوبژیوانانی كۆڵۆمبی بەسەركردایەتی ویلمار ئەلیكساندەر بەڕێوە دەچێت.

هەرچەندە هەردوو هەڵبژاردە ماڵئاواییان لە مۆندیال كردووە بەهۆی دوو شكستەكەیان لە یارییەكانی رابردوو، بەڵام پێشبینی دەكرێ یارییەكی بەهێز لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەكە ئەنجام بدرێ بەهۆی ركابەری نێوان هەردوو هەڵبژاردەكە و هەروەها هەوڵەكانیان بۆ بەدەستهێنانی یەكەم سەركەوتن لە مۆندیال.

لە كۆمەڵەی دووەمیشدا بەهەمانشێوە دوو یاریی بەڕێوە دەچێت، سەعات 9ی شەو هەڵبژاردەكانی ئێران و پورتوگال رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، براوەی یارییەكە بەفەرمی پێ دەنێتە نێو قۆناغی 16ی یارییەكانی مۆندیال.

هەڵبژاردەی پورتوگال بەكۆكردنەوەی 4 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەكەی دێت و هەڵبژاردەی ئێرانیش بە 3 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمدایە.

لە یاریی دووەمی كۆمەڵەی دووەمیشدا هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و مەغریب رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، یارییەكە لەنێو یاریگەی كالینگراد لەلایەن ناوبژیوانانی ئۆزبەكستانی بەسەركردایەتی رەفشان ئیرماتۆف بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردەی مەغریب ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە كردووە و هەڵبژاردەی ئیسپانیاش هەوڵی سەركەوتن دەدات بۆ ئەوەی بلیتی یەكەمی كۆمەڵەكەی بەدەستبێنێ تا لە قۆناغی 16 رووبەڕووی دووەمی كۆمەڵەی دووەم ببێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م